ترەمپ، ئەنیشتاین و ستیڤ جۆبز لە مۆزەخانەیەکی چین کراونەتە رۆبۆت

رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو مۆزەخانەیەک لە چین، کۆمەڵە کەسایەتییەک کە هەندێکیان ئێستا لەژیاندا ماون و هەندێکیان مردوون، کراون بە رۆبۆت.
 
کۆمپانیای ئێکس فیوچەر ساینس ئاند تێکنۆلۆژی لە شاری دالیان، دۆناڵد ترەمپی کردووەتە رۆبۆت و دەنگی راستەقینەی ترەمپی خستووەتەسەری.
 
هەروەها لە مۆزەخانەکە رۆبۆتی ستیفن هاوکینگ، زانای بواری فیزیای بەریتانی، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ راستەقینەکە نییە؛ وردەکاری و رەسەناتییەکەی مرۆڤ تووشی شۆک دەکات.
 
یانگ ژاینگوۆ، جێگری سەرۆکی مۆزەخانەی EX Robots دەڵێت "کۆمپانیاکەی ئێمە 10 ساڵە کار لەسەر ئەمە دەکات، سەرەتا تەنیا کەلـلە سەریان هەبوو، چەناکەیان نەدەخولا، تەنیا چاویان دەنوقاند یان دەجوڵاند. ئێستا وای لێهاتووە تەواوی جەستەی رۆبۆتەکە دەجوڵێ، کەمەر و دەستیان دەجوڵێت، وردە وردە جوڵە جەستەییەکانی رۆبۆتمان پەرەپێدا."
 
رۆبۆتی ستیڤ جۆبز، دامەزرێنەری پێشووی کۆمپانیای ئاپڵ درووستکراوە، هەموو خەسڵەتێکی ئەو کەسایەتییە کۆچکردووەی تێدایە.
 
ئاڵبێرت ئانیشتاین، زانای بواری فیزیایی ئەڵمانی، کۆمپانیای ئێکس فیوچەر ئامانجی ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو ئاشنای هەموو کەو کەسایەتیانە بن کە فریای نەکەوتوون بە زیندوویی ئاشنایان بن و لێیان نزیکبنەوە.
 
جێگری سەرۆکی مۆزەخانەی EX Robots دەشڵێت "هیواخوازین رۆژێک بێت رۆبۆتەکە بچێتە نێو کۆمەڵگە، بەڕاستی خزمەت بە مرۆڤەکان بکات، خەڵک هەست بەو چێژە بکەن کە رۆبۆتەکان دەتوانن بیبەخشن. دەتوانرێت چەندین کاری بێزارکەر لەلایەن رۆبۆتەوە بکرێت، مرۆڤ دەتوانێت کاری داهێنەرانەتربکات."
 
کارکردن لەسەر ئەو رۆبۆتانە پڕۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزە، خەسڵەت و جوڵەی هەر یەکێکیان بە تەماشاکردنی دەیان گرتەی ڤیدیۆی لەسەر ئەو کەسایەتیانە بەرهەمهێندراوەتەوە، تەکنەلۆژیای 3D بۆ دروستکردنەوەی رووخساریان بە هەمان رەنگ و وردەکاری بەکارهێندراوە.
 
تەنیا ئەوەنەبێت پەیکەری رۆبۆتەکان گەورەتر لە قەبارەی مرۆڤەکان دروستکراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لەنێویدا جێگەی ئەو هەموو ئامێرە ئەلکترۆنییەی تێدا ببێتەوە.