95 هەزار ژاپۆنی تەمەنیان سەروو 100 ساڵە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندرووستیی ژاپۆن دەڵێت، 95 هەزار و 119 هاووڵاتی تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەرە، 90%یان ژنن.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی تەندرووستیی ژاپۆن بڵاویکردەوە، تاوەکو رۆژی 1ی ئەیلوولی ئەم ساڵ 95 هەزار و 119 هاووڵاتیی ژاپۆنی تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەر بووە. ژمارەکە بەو جۆرەیە کە دوو هەزار و 980 کەسی 100 ساڵ و بەرەو سەر لە پار زیاترە.
وەزارەتی تەندرووستیی ژاپۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کەسانەی تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەرە 90%یان ژنن، واتە 83 هەزار و 958 ژن و 11 هەزار و 161 پیاو لەو وڵاتە تەمەنیان 100 ساڵ و زیاترە.
بە گوێرەی لێکۆڵەرانی گرووپی گیرۆنتۆلۆجی ئەمریکی، تۆمیکۆ ئیتۆکای ژاپۆنی کە تەمەنی 116 ساڵە، بەتەمەنترین کەسی جیهانە. پێشتر ماریا برانیاس مۆرێرای ئیتاڵی بوو کە تەمەن 117 ساڵ بوو و مانگی رابردوو کۆچی دوایی کرد.
دوێنێ، وەزارەتی کاروباری ناوخۆ و گەیاندنی ژاپۆن بڵاویکردەوە، "ئێستا بەساڵاچووەکانی ژاپۆن 29.3%ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن، ئەوەش ژاپۆن دەخاتە سەرەوەی لیستی 200 وڵات و ناوچە لە زۆریی بەساڵاچوو لە نێو دانیشتوواندا."
لە ئەورووپادا هەریەک لە ئیتاڵیا، پورتوگال، یۆنان، فینلاند، ئەڵمانیا و کرواتیا لەلیستی 10 وڵاتن کە 20% و زیاتری دانیشتووانەکەیان بەساڵاچوون.
لە ئاسیاش کۆریای باشوور 19.3% و چینیش 14.7%ـی دانیشتووانەکەیان بەساڵاچوون.
ژاپۆن کێشەیەکی گەورەی هەیە، زۆریی ژمارەی بەساڵاچووان وا دەکات دەستی کار و هێزی کار کەمبێتەوە، نرخ و پێداویستیی چاودێری و پزیشکیش بەرزبێتەوە.
بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن 124 ملیۆن کەسە.
ئێستا بەساڵاچووەکانی ژاپۆن 13.5%ـی هێزی کاری وڵاتە ئاساییەکە پێکدەهێنن، بە واتایەکی دیکە، لە هەموو حەوت فەرمانبەرێک، یەک فەرمانبەر بەساڵاچووە.
حکومەتی ژاپۆن چەندین پڕۆژە و پڕۆگرامی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان رابگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.