ڤانس داوای هێورکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و بەکارنەهێنانی زمانی زبر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە سیاسەتڤانانی پارتە رکابەرەکانی وڵاتەکەی دەکات، بەکارهێنانی زمانی زبر کەم بکەنەوە و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن هێور بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لە ماوەی دوو مانگدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە.

ڤانس رۆژی دووشەممە، لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا گوتی، لای خۆیەوە گوتارەکەی نەرم دەکات. هەروەها راشیگەیاند کە ناکرێت دیموکراتەکان ترەمپ "بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی" یان "فاشیست" وەسف بکەن و لە هەمان کاتیشدا چاوەڕێ بکەن تووندوتیژی دروست نەبێت. چونکە بە گوتەی ڤانس، لەو کاتەدا "هەندێ کەسی سەرشێتانە" دەکەونە جموجوڵ و کاری خراپ دەکەن.
 
ترەمپ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکانی بە "کۆمۆنیست" و "فاشیست" وەسفکردووە. ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە کە هاریس و دیموکراتەکان هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسی.
 
ڤانس دانی بەوەدا نا کە مەرج نییە هەموو کاتێک نەریتخوازەکان بتوانن لە گوتاری سیاسییاندا "کارێکی دروست بکەن." بەڵام گوتی، ئەو دوو هەوڵەی بۆ کوشتنی ترەمپ دراون دەیسەلمێنن کە دیموکراتەکان لەوان خراپترن.
 
ڤانس گوتیشی، "کەس لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵی کوشتنی کامالا هاریسی نەداوە."