رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی تارانی پایتەختی ئێران و تەلئەڤیڤی ئیسرائیل راگرت.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024، هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لەدوای هێرشەکەی ئەمڕۆی لوبنان و ئەگەری زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تاران و تەلئەڤیڤ رادەگرێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت، "بەهۆی گۆڕانکاریی ئەم دواییەی دۆخەکەوە هێڵی ئاسمانی گرووپی لوفتهانزا بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ و تاران رابگرێت. ئەو بڕیارەش راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت تاوەکو رۆژی 19ی ئەیلوول دەخایەنێت".
لوفتهانزا ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکەکانی لەو ماوەیەدا ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل بەکارناهێنن؛ باس لەوەش دەکات، لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و دوای 19 مانگ هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەکە دەکەن و بەگوێرەی دۆخەکە بڕیار دەدەن.
گرووپی هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزا، جگە لە گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی، هێڵی ئاسمانیی سویسی سویسری، هێڵی ئاسمانیی نەمسا و هێڵی ئاسمانیی برۆکسلی بەلجیکی و هێڵی ئاسمانیی یۆرۆوینگزی ئەڵمانیا لەخۆی دەگرێت.
لە 5ی ئابی 2024دا ئەو هێڵە ئاسمانییە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فرۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا، عەممان، تاران، بەیرووت تەلئەڤیڤ راگرت.
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 9 کەس کوژران و دوو هەزار و 800ی دیکەش لە سەرانسەری لوبنان بریندار بوون، دوای تەقینەوەی ئامێری بێتەلی پەیجەر.
زۆربەی قوربانییەکان، ئەندام و چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانی بوون کە ئەو سیستمی پەیوەندییکردنە بەکاردەهێنن.
حیزبوڵڵا، ئیسرائیل بەو هێرشە ئەلیکترۆنییە تۆمەتبار دەکات؛ تاوەکو ئێستاش ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە نەداوە.
ئەمریکا رەتیدەکاتەوە بەشداری ئەو هێرشە بووبێت، یانیش پێشوەختە ئاگادار بووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ