رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەیان، ژمارەی سەربازە چالاکەکانیان بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار سەرباز زیاد دەکەن.
17ی ئەیلوولی 2024، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لەبارەی بڕیاری زیادکردنی ژمارەی سەربازە چالاکەکانی وڵاتەکەی گوتی، "بەهۆی ژمارەیەک مەترسییەوەیە لەسەر سنوورەکانمان".
رۆژی دووشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیارێکی بۆ زیادکردنی 180 هەزار سەرباز بۆ سوپای وڵاتەکەی واژۆکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار کەس.
پیسکۆڤ گوتی، هۆکارێکی دیکەی زیادکردنی سەربازەکان "ئەو دۆخە دووژمنکارانەیە لە سنوورەکانی رۆژئاوامان و ئەو ناسەقامگیرییەیە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتمان هەیە".
ئەمە سێیەم جارە رووسیا لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی زیاد دەکات. بە گوتەی سەرۆکی رووسیا، نزیکەی 700 هەزاری وڵاتەکەی لە جەنگدان دژی ئۆکراینا.
یەکێک لە مەترسییەکانی رووسیا فراوانبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناتۆیە. بەرپرسانی هاوپەیمانییە سەربازییەکەش دەڵێن، مامەڵە "دوژمنکارییەکانی" رووسیا بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی بە مەترسی دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ