نەتەوە یەکگرتووەکان: بەرهەمی ساڵانەی پلاستیک لە 2050 دەگاتە 1100 ملیۆن تۆن
رووداو دیجیتاڵ
17ی ئەیلوول، رۆژی جیهانیی هەڵگرتنەوەی خاشاکە و ژینگەپارێزان چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەرهەمی ساڵانەی پلاستیک لە ساڵی 2050 دەگاتە هەزار و 100 ملیۆن تۆن.
تەنیا لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا لە دارستانێکی تایلاند خۆبەخشان یەک تۆن و 660 کیلۆگرام پاشماوەی پلاستیکییان کۆکردەوە؛ ئەوان بە هیوان بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهاندا کەمبکرێتەوە.
تیپایاسوکۆن، سەرۆکی رێکخراوی پاڵەوانی خاشاکی بانگکۆک لە تایلاند دەڵێت، "ئەمە تەنیا پەیامێک نییە بۆ هاووڵاتییان کە بەکارهێنانی پلاستیکی یەک جار بەکارهاتوو کەم بکەنەوە، بەڵکو پەیامێکیشە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دروستی دەکەن، بەڵکو کەمتری بکەنەوە."
پلاستیک 80%ی تەواوی زبڵی جیهان پێکدەهێنێت، بۆیە بە مەترسیدارترین پاشماوە دادەنرێت لە جیهاندا کە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و زیاتر لە نیوەی فڕێدەدرێتە زەریاکانەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا حەوت ملیار تۆن پاشماوەی پلاستیک لەسەر زەوی هەیە. لە هەر خولەکێکدا یەک ملیۆن بتڵی پلاستیکی بەکاردێت و پێنج تریلیۆن زەرفی پلاستیکیش ساڵانە بەکاردەهێندرێت کە کەمتر لە 10%یان ریسایکڵ دەکرێن.
ساڵانە نزیکەی 400 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێندرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، ئەگەر رێگەی پێنەگیرێت لە ساڵی 2050 بەرهەمهێنانی پلاستیک دەگاتە 1,100 ملیۆن تۆن.
مەزەندە دەکرێت لە زەریاکاندا 75 بۆ 199 ملیۆن تۆن پلاستیک هەبن کە لە رێگەی 1000 رووبارەوە دەڕژێنە نێویانەوە.
لی هۆنگ گیانگ، خۆبەخش لە ڤێتنام دەڵێت، "کاتێک ئەمڕۆ لەگەڵ خۆبەخشانی دیکە پاشماوەم هەڵدەگرتەوە، بینیم کە خاشاکێکی زۆر هەیە، تەنانەت لە شوێنە زۆر بچووکەکانیشدا."
36%ی ئەو پلاستیکەی لە جیهاندا دروستدەکرێت بۆ رووپۆشکردنی خواردن و خواردنەوەیە، کە 85%ی لەلایەن خەڵکەوە فڕێدەدرێن.
رۆ زاڵی، خۆبەخش لە کەمبۆدیا ئاماژە بەوە دەکات، "جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، چونکە پلاستیک ماددەیەکە کە بە ئەستەم شیدەبێتەوە، ماوەیەکی لە رادەبەدەر درێژ، لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و دەکرێت زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەبێت."
98%ی پلاستیکی یەک جار بەکارهاتوو لە نەوتی رەش دروست دەکرێت، هەربۆیە 19%ی گازی زیانبەخشی جیهان بەهۆی پیشەسازیی دروستکردنی پلاستیکەوە دەردەدرێت.