ئیدارەی بایدن پلانی هەیە ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیادبکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگە خێراکانی ئەمریکا بە تەواوەتی دەکرێنە کارەبایی. دەشڵێت، جیاوازی نییە چ لەسەر رێگەی خێرایی (ئای-75) بڕۆیت یان لەسەر رێگەی خێرای (ئای-10) بگەیتە میشیگان وێستگەکانی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەک وێستگەکانی بەنزین بەردەستدەبن. 
 
لەگەڵ کردنەوەی پێشانگەی ئۆتۆمبێلی دیترۆیت کە یەکێکە لە گەورەترین پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلی جیهان، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، 7 ملیار دۆلار لە 35 ویلایەتی ئەمریکا تەرخان دەکات بۆ دامەزراندنی 500 هەزار وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەک ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە لە رێگەکاندا پێویستیان بە بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلەکانیانە.
 
هاوتەریب لەگەڵ پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێشخستنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە پێشانگەی دیترۆیت براندەکانی ئۆتۆمبێل نوێترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆیان نمایشکرد.
 
کۆمپانیای شێڤێرلۆت نوێترین مۆدێلی ئێکوینێکسی نمایشکرد کە ئۆتۆمبێلی کارەباییە و نرخەکەی لە 30 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات. ستیڤ ماجۆرۆس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای شێڤێرلۆت دەڵێت، "پێموایە ئەم ئۆتۆمبێلە سەرنجی خەڵکی ئەمریکا رادەکێشێت؛ خەڵک زیاتر روویان لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی کردووە. نرخەکەشی لە 30 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات."
 
کۆمپانیای ستێلانتیس، یەكێکی دیکە لە بەرهەمهێنەرانی گەورەی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا مۆدێلێکی هایبریدی جیب چێرۆکی لە پێشانگەکە خستەڕوو. 
 
کۆمپانیای فۆردیش حەوتەمین نەوەی ئۆتۆمبێلی فۆرد مۆستانگی لە پێشانگەکە نمایشکردووە.
 
سەرەڕای نمایشی دەیان ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە پێشانگەی دیترۆیت، شارەزایانی بازاڕی ئۆتۆمبێل پێیانوایە ئەمریکا هێشتا لە قۆناخە سەرەتاییەکانی کارپێکردنە بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی. جیسیکا کاڵدوێڵ، سەرۆکی ماڵپەری ئێدمۆند بۆ ئۆتۆمبێل گوتی، "لە پڕۆسەی گواستنەوە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییداین. ئێستا تەنیا 5%ـی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەفرۆشرێن، ئۆتۆمبێلی کارەبایین." 
 
حکومەتی ئەمریکا پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2030 نزیکەی 50%ـی ئۆتۆمبێلەکان بکاتە کارەبایی. لە دوای هاتنە سەر کاری جۆ بایدن، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل 85 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی کردووە؛ 13 ملیار دۆلاری بەتەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بووە.