لە بولگاریا 250 هەزار کرێکار مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی ڤلادای لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا دووکەڵکێشەکان بەهۆی وەستانی هەناردەی گازی رووسییەوە ناچالاکن؛ خەڵکی گوندەکە هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ زستان ئامادە دەکەن و بەم هاوینە دەستیان بە کردووە بە کڕین و کۆکردنەوەی دار. 
 
ئێلێنا ماکۆڤا، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "ئەگەر پێویست بکات داری زیاتریش دەکڕین. یەک مانگی رێک چاوەڕێمان کرد تاوەکو دارەکە گەیشت، چونکە بەشێکی خەڵک لە هاویندا داوای دار دەکەن؛ من لە ناوەڕاستی ئاب داوامکرد و دوای مانگێک گەیشتوون." 
 
نزیکەی 25٪ـی خەڵکی بولگاریا ناتوانن پارەی گاز بدەن و نرخەکەی لە 40 دۆلار بۆ هەر مەترێک سێجاوە بۆ 80 دۆلار بەرزبووەتەوە. جگە لە ماڵەکان، نەمانی گازی رووسی کاری کارگەکانیشی سەختکردووە و ترسیان لە وەستان یان سنوورداربوونی بەرهەمەکانیان هەیە.
 
بەپێی خەمڵاندنی کۆمەڵەی پیشەسازیی بولگاریا، نزیکەی 250 هەزار کرێکار مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان لەسەرە. 
 
ئێستا کارگەکان نازانن چی بکەن، بۆریسلاڤ جۆرجێڤ، خاوەن کارگەیەکە و گوتی، "هیچ چارەیەکمان نییە، لەم ژینگە ناڕوونەدا مرۆڤ نازانێت دواتر چی دەبێت. پێشتر ئەزموونی وامان نەبووە تاوەکو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر سوودی هەبێت. ئێستا نازانین خواستی بازاڕ چی لێدێت."  
 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا رووسیا هەناردەی گازی بۆ بولگاریا راگرت؛ لە کاتێکدا بولگاریا پێشتر 3 ملیار مەتر سێجا گازی لە رووسیا دەکڕی و 90٪ـی پێویستییەکانی بەو گازە پڕ دەکردەوە.