گالەری

دوێنێ کاژێر 11:59
18 Photos
بژار زوبێر @BBashqaly
رووداو دیجیتاڵ

لە هیندستان، ئاشکرابوونی تاوانی دەستدرێژی و کوشتنی خانمە پزیشکێک ناڕەزایی و توڕەیی دکتۆر و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لێ دەکەوێتەوە. 
 
خانمە پزیشکەکە تەمەنی 31 ساڵ بوو، لە 9ی ئاب تەرمەکەی بە خوێنەوە لە نەخۆشخانەیەکی گشتیی شاری کۆلکاتای رۆژهەڵاتی هیندستان دۆزرایەوە. لێکۆڵینەوەی دەزگە ئەمنییەکان ئاشکرایکردووە کە لە کاتی پشوودان، هێرش کراوەتە سەری، دوای دەستدرێژی؛ کوژراوە.
 
ئەمڕۆ (شەممە) ژمارەیەکی زۆری دکتۆرەکان لەبەردەم نەخۆشخانەکان گردبوونەوە و داوای دادپەروەرییان کرد. 
 
ساپنا رانی، خانمە پزیشکێکی تەمەن 27 ساڵە لە نیودێلهی پایتەختی هیندستان، لە کاتی بەشداریکردن لە مانگرتنێکی سەرتاسەریی 24 کاژێریدا گوتی "ئەوەی دەمانەوێت تەنیا ئەوەیە؛ لە کاتی کارکردنماندا سەلامەت بین. نەخۆشخانە بووەتە ئەو شوێنەی تێیدا لە سەلامەتیی خۆمان دەترسین." 
 
دەستدرێژی و توندوتیژیی دژی ژنان کێشەیەکە کە لەمێژە بەرۆکی کۆمەڵگەی هیندستانی گرتووە و بە ئاشکرابوونی ئەم تاوانەش، جارێکی دیکە هاتووەتە بەرباس. 
 
لە نەخۆشخانەی گشتیی رام مانۆهار لۆهیا، کە زۆربەی کات یەکێکە لە قەرەباڵخترینەکانی نیودێلهی، رانی گوتی: ژمارەی دکتۆر بەرامبەر نەخۆش زۆر کەمە و هەندێ جار کاتی کارکردنیان 36 کاژێرە. 
 
خانمەکە دەڵێت "دوای ئەوەش، هیچ شوێنێکی گونجاو بۆ پشوودان نییە." ئاماژە بەوەش دەکات هەندێجار پزیشکەکان لە سەر کورسیی تایەدار و قەرەوێڵەی گوێزەرەوە (نەقاڵە) پشوو دەدەن. 
 
تەرمی دکتۆرە کوژراوەکەی کالکۆتا لە هۆڵی سمیناری نەخۆشخانەکە دۆزرابووەوە، کە گوماندەکرێت لەدوای 36 کاژێر کارکردنی بەردەوام، بۆ پشوودان چووبێتە ئەوێ. 
 
ستافی ئەمنیی نەخۆشخانەکە دەڵێن: بەردەوام دەبینن، نەخۆشەکان و کەسوکاریان تووندوتیژی بەرامبەر دکتۆرەکان دەکەن، بە تایبەتیش دوای ئەوەی بۆ ماوە چەندین کاژێر لەبەر گەرما نۆرە دەگرن. 
 
گۆپال بیشت، سەرپەرشتیاری پاسەوانانی نەخۆشخانەی لەیدی هاردینگ، دەڵێت "ئەو رۆژە، کەسێکی توڕە کە خزمی نەخۆشێک بوو، زللـەیەکی لە خانمە پاسەوانێک دا."
 
ئەمڕۆ، دەنگی بەرزی درووشمی پزیشکەکان شوێنی ژاوەژاوی نەخۆشەکانی گرتبووەوە. خانمە پزیشکەکان لە بەردەم نەخۆشخانەکان پۆستەریان بەرزکردبووە و داوای دادپەروەرییان دەکرد. هاوکارە پیاوەکانیشیان لەنێودا بوون. 
 
شێوازی دڕندانەی هێرشەکە وایکردووە بە رووداوێکی ساڵی 2012 بچووێنرێت کاتێک لەنێو پاسێکی نیودێلهی دا کۆمەڵێک کەس پێکەوە دەستدرێژیی سێکسیان کردە سەر کچێک و دواتر کوشتیان. 
 
کوشتنی خانمە پزیشکەکە لە سەرانسەری هیندستان توڕەیی بەدوای خۆیدا هێناوە، وڵاتێک کە تووندوتیژیی سێکسیی دژی ژنان تێیدا بووەتە دیاردە. ساڵی 2022، تێکڕای 90 تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان لە رۆژێکدا تۆمارکراون. خەڵکیش لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەندین شار خۆپێشاندانیان دژی تاوانەکە کرد. تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنی هیچ کەس لەسەر تاوانەکە رانەگەیێندراوە. 

 

وێنەکان: AFP