ئۆکراینا: سوپاکەمان لە هەرێمی کورسکی رووسیا پێشڕەوی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، سوپاکەیان لە هەرێمی کورسکی رووسیا پێشڕەوی زیاتری کردووە. رووسیاش دەڵێت، زیانی گەورەیان بە سوپای ئۆکراینا گەیاندووە.
ئۆلێکساندەر سیریسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا دەڵێت، هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە پێشڕەویدان و لە هەندێک ناوچە لەنێوان کیلۆمەترێک بۆ 3 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە.
هاوکات ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "داگیرکەر تووشی زیانێکی گەورە بووە و ئەوەش سوودی زۆرە؛ زۆر بەسوودە بۆ بەرگریمان."
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری زیلینسکیش باس لەوە دەکات، ئامانجیان لەم هێرشە سەربازییە ئەوەیە رووسیا رازی بکەن دەست بە دانوستاندن بکات بۆ نەهێشتنی شەڕەکە، بەڵام بە جۆرێک دادپەروەری تێدا بێت.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی رووسیا چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیاندا تێکشکاندنی سێ سیستمی دژە مووشەکی ئۆکراینا دەبیندرێن.
بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024 هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەرزوو رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانی دەتوانن ئۆکراینیەکان دەربکەن، بەڵام 10 رۆژە شەڕی سەخت بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان لەنێو رووسیادان.
دوێنێ بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا 82 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان لەنێو رووسیا کۆنترۆڵ کردووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی رووسیا، بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرایناوە زیاتر لە 120 هەزار کەس لە هەرێمی کورسک ئاوارە بوون، ئەوە جگە لەوەی 12 کەسی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 130 کەسی دیکەش برینداربوون.