لە کاردانەوەی "بێڕێزیکردن" بە قورئانی پیرۆز موسڵمانان لە پاکستان کەنیسە و ماڵی کریستیانەکان دەسووتێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری جاریوالا لە هەرێمی فەیسەڵئاباد لە پاکستان، ژمارەیەک موسڵمان لە کاردانەوەی "سووکایەتیکردن" بە قورئانی پیرۆز هێرشیان کردە سەر کریستیانەکان و ژمارەیەک ماڵ و کەنیسەیان سووتاند. 
 
دوای ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە گوایە خێزانێکی کریستیان سووکایەتیان بە قورئانی پیرۆز کردووە، مەلاکانی ئەو ناوچەیەی پاکستان لە بڵندگۆی مزگەوتەکانیانەوە، خەڵکیان هان دا کاردانەوەیان هەبێت، لە ئەنجامدا چوار کەنیسە و ژمارەیەک ماڵی کریستیانەکان سووتێنران.
 
شازیە ئەمجەد، کریستیانە و دەڵێت، "لە ماڵەوە دانیشتبووین و لەپڕ گوێمان لێبوو لێشاوێک لە خەڵک دێن و خانوو دەسووتێنن، هێرشدەکەنە سەر کەنیسەکان، هەر کە ماڵەکانمان جێهێشت، بەنزینیان پێدا کرد و ئاگریان تێبەردا."
 
لە یاسای پاکستاندا هەیە، ئەوانەی بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام دەکەن، دەکرێت سزای تاوەکو مردنیان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام نانەوەی پشێوی رێگەپێنەدراوە و بەرپرسان سەرکۆنەی "تاوانەکەیان" کرد.
 
پۆلیس بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەو ناوچەیە بڵاوەی پێکراوە و تاوەکو ئێستا 129 کەسیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە "تاوانەکەوە" هەیە.
 
عەزیم مەسیح، خانووەکەی لە ئەنجامی هێرشەکەدا سووتاوە، دەڵێت: "سەیری خانووەکانمان بکە، سەیری کەنیسەکانمان بکە، سەیری شەقامەکانمان بکە، ئەگەر یەکێک کارێکی خراپی کردووە دەستگیری بکەن؛ تاوانی ئێمە چییە؟ بۆچی خانوو و کەنیسەکانمان دەسووتێنن. دادپەروەریمان دەوێت. ئەمە هەڵەی یەک کەسە، کەچی هەموو کەنیسەکانی جاریوالا سووتاندووە. بۆچی خانووی ئەم خەڵکە داماوە دەسووتێنن؟ ئێستا لەکوێ بمێننەوە؟"
 
زیاتر 96٪ی دانیشتووانی پاکستان موسڵمانن و کریستیانەکان تەنیا 2٪ن. جاروبار بەهۆی جیاوازیی بیروڕای ئایینییەوە، ئەو پێکهاتەیە لەلایەن موسڵمانانەوە تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.