رێکخراوی منداڵپارێزی: ژمارەی منداڵانی کۆچبەر بەرەو یۆنان چوارهێندە زیادی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی منداڵپارێزی دەڵێت، ئەو منداڵە کۆچبەرانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتوونەتە دوورگەکانی یۆنان، چوار هێندەی هەمان ماوەی پارساڵە و ژمارەی ئەوانەی بەبێ سەرپەرشتیار کۆچیان کردووە، سێ هێندەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 17-07-2024، رێکخراوی منداڵپارێزی (Save the Children) لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە ئامارێکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) کرد و رایگەیاند "لەنێوان کانوونی دووەمی 2024 تاوەکو مانگی حوزەیران، نزیکەی پێنج هەزار و 580 منداڵی کۆچبەر لە رێگەی دەریای ئیجەوە خۆیان گەیاندووەتە دوورگەکانی یۆنان. هەروەها نزیکەی 830 منداڵ لە رێگەی وشکانییەوە چوونەتە ئەورووپا؛ ئەمەش 400٪ بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار زیاترە، ئەوکات ژمارەکە هەزار و 280 منداڵی کۆچبەر بوو."
 
رێکخراوەکەی تایبەت بە منداڵان هەروەها باسی ئەوەی کردووە لە هەموو چوار منداڵی کۆچبەر، منداڵێک بەبێ خێزان یان سەرپەرشتیارێکی یاسایی گەیشتووەتە یۆنان، ئەمەش واتا هەزار و 500 منداڵ. ئەو ژمارەیەی 2024، سێ هێندەی ئەو منداڵانەی شەش مانگی یەکەمی 2023ـیە، کە بەبێ سەرپەرشتیاری یاسایی کۆچی ئەورووپایان کردبوو.
 
فیلێری کریاکی، لەگەڵ ئەنجوومەنی یۆنان بۆ پەنابەران وەک پارێزەر کار دەکات. رایگەیاند "ئەو منداڵانەی گەشتی یۆنان دەکەن، هەست بە ئازار و ترسێکی زۆر دەکەن، ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە پێش گەیشتنیان بە یۆنان لە رێگەدا بمرن. کاتێک دەگەنە کۆس، چاودێریی تەندروستی بۆ منداڵە کۆچبەرەکان فەراهەم ناکرێت."
 
ئەرکی کریاکی لەسەر دوورگەی (کۆس)ـە لە باشووری یۆنان. دوورگەکە یەکێکە لەو ناوچانەی هەفتانە کۆچبەری زۆر رووی تێدەکەن.
 
راپۆرتەکەی منداڵپارێزی هەروەها بڵاویکردووەتەوە، ئەو منداڵانەی بەبێ سەرپەرشتیار دەگەنە یۆنان، دەنێردرێنە ناوەندێکی تایبەت بۆ ئەوەی کەسێکیان وەک سەرپەرشتیار بۆ دابین بکرێت، ئەمەش دەکرێت زۆر بخایەنێت. تاوەکو سەرپەرشتیارێکیان بۆ دابین نەکرێت، ئەو منداڵانە تەنانەت ناتوانن دەستیان بە تەلەفۆنێک بگات بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە خێزانەکانی خۆیانەوە بکەن و هەواڵیان پێبدەن. 
 
فیلێری کریاکی لەوبارەوە گوتی، سەرەتا منداڵەکان دەنێردرێنە ناوچەیەکی تەلبەندکراو کە بە "ناوچەی پارێزراو" ناسراوە و نزیکەی دوو بۆ سێ هەفتەی تێدا بەسەردەبەن؛ دواتر بۆ پەناگەیەکی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت دەگوازرێنەوە.
 
ساڵی رابردوو رێکخراوی منداڵپارێزی و ئەنجوومەنی یۆنانی بۆ پەنابەران لە هەڵمەتێکدا بۆیان دەرکەوت؛ زۆربەی منداڵانی بێسەرپەرشت داواکاریی پەناخوازییان رەتدەکرێتەوە و هیچ پەڕاوێکی یاساییان نابێت، ئەمەش زەوینەسازیی بۆ بەکارهێنان و ئازاردانی ئەو منداڵانە زیاتر دەکات.
 
ویڵی بێرگۆگن، بەڕێوەبەری لقی ئەورووپای منداڵپارێزی و نوێنەری رێکخراوەکە لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی "ئەو منداڵانەی بە تەنیا دەگەنە ئەورووپا، دووچاری دۆخی زۆر سەخت دەبنەوە کە دەبێت بە زوویی چارەسەر بکرێن. هەموو منداڵێک شایانی پارێزراوی و شکۆمەندییە لە کاتی گەیشتن، بەڵام هێشتا ئەو منداڵە کۆچبەرانەی دەگەنە یۆنان، وەکو منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت."