تەقەکردن لە ترەمپ گۆڕانکاریی ئەوتۆی لە راپرسییەکانی هەڵبژاردندا دروستنەکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، هەست و سۆزی ئەمریکییەکانی لە بەرژەوەندیی بەربژێرە کۆمارییەکە زۆر نەجوڵاندووە. راپرسییەکان لەدوای 13ـی تەمووز پیشانی دەدەن جیاوازیێکی وا لەنێوان دەنگی ترەمپ و بایدندا بەدی ناکرێت. 
 
بەگوێرەی راپرسیێک کە لەلایەن سەنتەری راپرسیی 'مۆرنینگ کۆنزەڵت' لەگەڵ 2045 دەنگدەر کراوە، ترەمپ تەنیا بەڕێژەی 1٪ لەپێش بایدنە. 45٪ـی خەڵک دەنگ بە بایدن دەدەن لەکاتێکدا 46٪ـی خەڵك دەنگ بە ترەمپ دەدەن.
 
راپرسییەکان تەنانەت ئەوەش پیشان دەدەن کە ئاستی دەنگدەرانی ترەمپ لەگەڵ بایدن بەراورد بە دوایین راپرسی کە لەنێوان 12 بۆ 14ـی تەمووز کراوە، بەرتەسکبووەتەوە و دەڵێن ترەمپ 44٪ و بایدن 42٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنیت.
 
بەر لە تەقەکردنەکە، راپرسییەکان لەنێوخۆی ئەمریکا پێشبینیی بردنەوەی ترەمپیان دەکرد و لە شەش ویلایەتی یەکلاکەرەوە ترەمپ پێشەنگ بوو کە پێکهاتبوون لە ئاریزۆنا، جۆرجیا، میشیگن، نیڤادا، پەنسلڤانیا و ویسکەنسن.
 
بەشێک لە شرۆڤەکارانی ئەمریکی هێشتا ئەو راستییەیان بۆ قبوڵناکرێت، کە بۆچی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە ئاستی جەماوەرەکەی زیاد نەکردووە! لەکاتێکدا بەشێک لە شرۆڤەکاران پێشبینییان دەکرد رۆژانی دوای تەقەکردن لە ترەمپ، دەبنە هەڵمەتی یەکخستنەوەی گەل و لە مانگی نۆڤەمبەریشدا ترەمپ بە جیاوازیێکی گەورە بەسەر بایدن سەردەکەوێت.
 
تەنانەت ئەو ساتەی ترەمپ لەدوای تەقەکردنەکە هەستایەوە سەر قاچەکانی و مشتی بەرزکردەوە، لە رۆژنامەکان بە "ساتی بردنەوەی ترەمپ وەسفکرا."
 
بەڵام بیروبۆچوونی ئەمریکییەکان لە دوای تەقەکردنەکە شتێکی دیکە دەڵێن، بەگوێرەی راپرسیێکی هاوبەشی ئیپسۆس/رۆیتەرز، لە هەر پێنج ئەمریکیێک، چواریان ترسیان هەیە لە دوای هەڵبژاردنی 5ـی نۆڤەمبەر، شەڕی ناوخۆیی هەڵبگیرسێت و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
 
بەگوێرەی راپرسییەکە کە لە دوو رۆژدا کراوە، دەنگی ترەمپ تەنیا 2٪ لەپێش بایدنەوەیە، ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەیە کە هەوڵی کوشتنی ترەمپ گۆڕانکاریێکی گەورەی لە راپرسییەکاندا دروستنەکردووە.
 
هاوکات 80٪ـی دەنگدەران بە هەردوو دیموکرات و کۆمارییەکان باوەڕیان وابووە "خەریکە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت" ئەم راپرسییە بە ئۆنلایین و بە بەشداریی 1202 ئەمریکی کراوە.
 
رۆژی شەممە ترەمپ لە مەرگێکی حەتمی گەڕایەوە کاتێک لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە پەنسلڤانیا کەسێکی 20 ساڵی تەقەی لێکرد و بە سووکی برینداری کرد.