سێنتکۆم: لە شەش مانگدا 44 چەکداری داعشمان کوشتوون و 166ی دیکەمان دەستگیر کردوون
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، ئاماری 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هێرشەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆسەر ئەو رێکخراوە پەڕگیرە لە عێراق و سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، داعش رایگەیاندووە لە 6 مانگەکەدا 153 هێرشی لە هەردوو وڵات ئەنجام داوە.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەی داعش و لاوازکردنی تواناکانی، سوپای ئەمریکا لەو 6 مانگەدا شانبەشانی سوپای عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، 196 ئۆپەراسیۆنی لە باشووری کوردستان، عێراق، رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئەنجامداوە کە بوونەتە هۆی کوشتنی 44 چەکداری داعش و دەستگیرکردنی 166ی دیکە.
137 لەو ئۆپەراسیۆنانە لە باشووری کوردستان و عێراق بوون کە 30 چەکداری داعش تێیاندا کوژراون و 74ی دیکەش دەستگیر کراون. لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش 59 ئۆپەراسیۆنی دژە داعش کراون و لە ئەنجامدا 14 چەکدار کوژراون و 92ی دیکەش دەستگیرکراون.
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، 8 کەس لە کوژراوەکان بەرپرسی داعش بوون و 32 کەس لە دەستگیرکراوەکانیش بەرپرسی رێکخراوەکە بوون.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەنێوبردنی چەکدارانی داعش کە بە مەزەندەی سوپای ئەمریکا ژمارەیان نزیکەی 2 هەزار و 500 چەکدارە لە عێراق و سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا 43 هەزار کەس کە پێکهاتوون لە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعش لەنێو کامپەکانی هۆل و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان ماون.
لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکی هەڕەشەی داعش، ئێرک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێ، "هەڵمەتی جیهانی بۆ لەنێوبردنی داعش پشتی بە هەوڵی هەمەلایەنەی وڵاتانی هاوپەیمان و هاوبەشەکان بەستووە تاوەکو چەکدار و بەرپرسەکانی رێکخراوەکە لە بەرەکانی جەنگ لەنێوبەرین، هەروەها بەردەوامی پرۆسەی وەرگرتنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەوانەی لە هۆل و رۆژن گرنگە."