رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی نەرویج، فەیسبووک و ئینستاگرام بە بەکارهێنانی زانیاریی بەکارهێنەران بۆ مەبەستی بازرگانی تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی سزادانی ئەو دوو تۆڕە دەکات.
ئاژانسی پاراستنی داتای نەرویج، رۆژی دووشەممە، 17.7.2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆمپانیای مێتای خاوەنی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام قەدەخە دەکات، ئەوەش بە تۆمەتی بەکارهێنانی زانیاریی تایبەتی بەکارهێنەران بە مەبەستی رێکلام، هەڕەشەی ئەوەش لە ئەگەری بەردەوامبوونیان، رۆژانە بە 100 هەزار دۆلار سزایان دەدات.
ئاژانسەکەی نەرویج کە بە داتالیسنێت ناسراوە دەڵێت، مێتا زانیارییەکانی وەک شوێنی بەکارهێنەران، ئەو بابەتانەی حەزی پێدەکەن و بڵاوکراوەکانیشیان بۆ مەبەستی رێکلام بەکاردەهێنێت.
ئاژانسی پاراستنی داتای نەرویج پێیوایە ئەم کارەی مێتا "نایاساییە"، بۆیە قەدەخەیەکی کاتیی پێشێلکردنی مافی تایبەت بۆ مەبەستی رێکلامکردن بەسەر هەریەک لە فەیسبووک و ئینستاگرام دەسەپێنێت".
بڕیارەکە لە رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و سێ مانگ بەردەوام دەبێت تاوەکو کاتی پێویست بە مێتا بدات رێکاری پێویست بگرێتەبەر. ئەگەر مێتا شێوازی رێکلامکردنی نەگۆڕێت، ئەوکاتە رۆژانە بە بڕی ملیۆنێك کرۆنی نەرویجی سزادەدرێت، کە دەکاتە 100 هەزار دۆلار.
هاوکات، رادیۆی فەرمی نەرویج لەسەر زاری ماتیۆ پۆڵارد، گوتەبێژی مێتاوە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکانی نەرویج دەکات و راگەیێندراوەکەی ئاژانسی پاراستنی داتای ئەو وڵاتەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چالاکییەکانیان نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ