بەریتانیا بۆ دایك و باوكانی كورد: زمانی دایك ئینجا ئینگلیزی فێری منداڵەكانتان بكەن
رووداو - لەندەن
شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا جگەلەوەی خاوەنی زمانی ئینگلیزییە، كار بۆ بڵاوەپێكردنی ئەو زمانە لە سەرەتاسەری جیهان دەکات. لە ناوخۆی ئەو وڵاتەش بەرپرسانی پەروەردە و فێركردن جەخت لە سەر پاراستنی زمانی دایكی ئەو نەتەوە و پێكهاتانە دەکەنەوە كە خەڵکی وڵاتەکە نین؛ واتە فێركردنی منداڵان لە تەمەنێكی بچووك تاوەکو 4 بۆ 5 ساڵ كە پێی دەڵێن ''Reception''. هاوكات ئامۆژگاری دایكان و باوكان دەكەن كە پێویستە لە ماڵەوە بە زمانی دایك قسەیان لەگەڵ بكەن تاوەکو لە یەك كاتدا فێری هەردوو زمانەكە بن. دایکێکی یەکێک لە منداڵە کوردەکان بۆ رووداو دەڵێت، لە قوتابخانە پێیان گوتوون کە سەرەتا زمانی دایك ئینجا ئینگلیزی فێری منداڵەكان بكەین.
كورد دوو جۆر قوتابخانەی هەیە
محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی بەریتانیا بە رووداوی گوت: "ئێمە وەكو كۆمەڵەكەمان لەنێو رەوەندی كوردی لە رێگەی مزگەوتەكانەوە زۆر بایەخ بە پاراستنی زمانی كوردی و دابونەریتی كوردەواری و ئیسلامییەتی دەدەین، بۆیە ئەگەر سەیربكەی لە بەریتانیا 32 مزگەوتی كوردی هەیە، 26 قوتابخانەی كوردی لەگەڵ 16 قوتابخانەی ئایینی كە رۆژانی شەممە و یەكشەممە وانەكانی زمانی كوردی و بابەتەكانی خورەوشت و پەروەدەی ئیسلامی بە تایبەتی قورئان و فەرموودەی تێدا دەخوێندرێت."
سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی بەریتانیا دەشڵێت: " 4 قوتابخانەی گەنجانمان هەیە، چونكە قوتابخانە كوردییەكان كە ئەلف و بێی كوردی تێدا دەخوێندرێت تەنیا بۆ مندڵانی خوار 10 ساڵە، لەبەرئەوە بیرمان لە گەنجانیش كردووتەوە. ئەو قوتابخانەی تایبەت بە گەنجان هەفتانە لە شێوازی سیمینار و وۆركشۆك و ئامۆژگاری هەوڵی پێگەیاندنی گەنجان دەدات."
"دایك و باوكان پارە دەدەن تاوەکو منداڵەكانیان فێری كوردی بن"
لە بەریتانیا خوێندن بە خۆڕاییە تاوەکو تەمەنی 17 ساڵی، دەبێت هەموو کەسێک لەو تەمەنەدا بخوێنێت و نەخوێندن نییە، دواتر قوتابییەكە ئازادە لە خوێندن بەردەوام بێ یاخود نا، منداڵان لە بەریتانیا لە كاژێر 9 بەیانی تاوەکو کاژێر 15:00 هەفتەی پێنج رۆژ دەچنە قوتابخانە، جگە لە رۆژانی شەممە و یەكشەممە.
مامۆستا عادل سەعید، سەرپەرشیتاری خوێندنگەی باران كە یەكەم قوتابخانەی كوردییە لە شاری بێرمینگهام كە لە ساڵی 2004 دامەزراوە بە رووداوی گوت: "ئێمە هەفتەی رۆژێك بۆ ماوەی 5 كاژێر وانەی زمانی كوردی، پەروەردە، هونەر و قورئان بە قوتابیانی كورد دەڵێینەوە، ئەمساڵ 155 قوتابی کچ و کوڕمان وەرگرتووە لە نێوان تەمەنی 5 ساڵ تاوەکو 12 ساڵ، كە بە 5 قوناخ دەخوێنن".
سەرپەرشیتاری خوێندنگەی باران گوتی:" پێشتر شارەوانی و حكومەتە خۆجێییەكان یارمەتی قوتابخانەكانیان دەدا و ساڵانە نزیكەی 3 تاوەکو 4 هەزار پاوەندیان بۆ خەرج دەکردن، بەڵام نزیكەی 10 ساڵە هیچ یارمەتییەكیان نەداوین، لەبەرئەوە ئێمە ساڵانە لە هەر قوتابییەكی كورد 170 پاوەند وەردەگرین بۆ قوتابی دووەم لە هەمان ماڵ داشكاندمان كردووە 140 پاوەند وەردەگرین، ئەمەش بۆ كرێی ئەو 11 مامۆستا و ستاف و باڵەخانەو خەرجییەكانە."
مامۆستا عادل سەعید لەبارەی پرۆگرامی خوێندن ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان خۆیان پرۆگرامی خوێندیان داناوە "بە سوودوەرگرتن لە پرۆگرامەكانی كوردستان، بە تایبەتی لە زمانی كوردی زۆربەی قوتابخانە كوردییەكان بەریتانیانیش هەمان پرۆگرامی ئێمە بەكاردەهێنن و ساڵانە نزیكەی 400 كتێبیان بۆ دەنێریین، ئەو قوتابیانەی لە لای ئێمە دەردەچن دەتوانن كوردی بخوێنەوە و داڕشتنیش بنووسن و تەنانەت هەواڵی بەپەلە و ژێرنووسی تیڤییش بخوێنەوە و لێیتێبگەن".
حكومەت بۆ رەوەندی كوردی: ئامادەین بۆ هاوكاریان
كاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند:" دەستخۆشی لە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی ئەو قوتابخانە دەكەین بۆ ماندووبوونیان و ئەو ئەركە نیشتمانییەی لە ئەستۆیان گرتووە بۆ پەروەردەكردن و بەزیندوویی هێشتنەوەی زمانی شیرینی دایك، زمانی كوردی".
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا دەشڵێت "وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر وێبسایت پرۆگرامی خوێندنی داناوە كە مامۆستایان و قوتابیانی كورد دەتوانن سوودی لێ وەربگرن ئەگەرچی ئێمە رای هەندێك مامۆستا و سەرپەرشتیارمان وەرگرتووە، دەڵێن ئەو پرۆگرامەی كوردستان بۆ قوتابییانی ئێرە قورسە، بەڵام جەنابی وەزیری پەروەردە كە سەردانی بەریتانیای كرد لەگەڵ هەندێك لەو قوتابخانە باسی سوودوەرگرتنی لەو پرۆگرامانە كرد بوو."
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، بە پێی توانای خۆیان هاوكاری چەندین چالاكی قوتابیخانەكانیان كردووە، "لە رووی مەعنەوی و بەشداریكردن لە رێوڕەسمی ساڵانەی زۆربەی قوتابخانەكان بەشدارین، دەتوانین پردی بەهێز بین لە نێوان ئەو قوتابخانە و دامودەزگە پەروەردییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان."