ڤیدیۆ؛ دیمەنەکانی نێو بەرزترین هۆتێل لە جیهاندا


رووداو دیجیتاڵ 

لە نزیک کەناراراوەکانی شەنگەهای لە رۆژهەڵاتی چین، هۆتێلێکی هەوربڕی 128 نهۆمی بنیاتنراوە کە بە بەرزی 632 مەتر بووەتە بەرزترین هۆتێل لە جیهان و دووەم بەرزترین بینا لەدوای بورجی خەلیفەی دوبەی.
 
هۆتێلەکە بەسەر هەموو شوێنێکی شەنگەهایدا دەڕوانێت، هەر کەسێکیش لە نهۆمە بەرزەکانی بیناکەوە سەیری خوارە بکات، شارەکە وەک ئاسمانێکی رووناک دەبینێت.
 
ریچارد یاپ، بەڕێوەبەری گشتیی هۆتێلی جەی لە شەنگەهای دەڵێت، "لەسەر هۆتێلەکەوە نەک تەنیا لە یەک ئاراستە بەڵکو بە 360 پلە دیمەنی تەواوی شەنگەهای دەبینین. شتێکی دەگمەنە شوێنێکی لەم شێوەیەت هەبێت کە دیمەنێکی سەرانجڕاکێشی شەنگەهایت پێشانبدات."
 
لە دروستکردنی ئەو بینایەدا کەرەستەی کوالێتی بەرز بەکارهاتوون. لە هەر نهۆمێکیشدا دەستی ئەندازیار و کەلوپەلی چینی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی چینی تێدا بەدیدەکرێت ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنجڕاکێشانی میوانەکانی هۆتێلەکە. 
 
ریچارد یاپ دەشڵێت، "ئێمە کەرەستەی زۆری شوشەی دەستکرد و شوشەی بەهێز و بەردی مەڕمەڕ لە پێکهاتەی بینایەکە بەکاردەهێنین. بۆیە بۆ بارودۆخ و بینای لەم شێوەیە دەبێت داهێنەر بیت بۆئەوەی وای لێبکەی جوان دەرکەوێت."
 
هۆتێلی جەی شەنگەهای تاوەر کە لە 19ـی حووزەیرانی ئەمساڵ کرایەوە، بووە بەرزترین هۆتێل لە جیهاندا لە کاتێکدا پێشتر هۆتێلی جێڤۆرا بە بەرزی 356 مەتر بەرزترین هۆتێلی جیهان بوو.