هاونیشتمانییەک بە جلی کوردییەوە کێشەی قەرەباڵخیی شەقامێکی چین چارەسەر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنی هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان کە لە چین بە جلی کوردییەوە ئەرکی پۆلیسی هاتووچۆ رادەپەڕێنێت و ترافیکی شەقامێک چارەسەر دەکات، بووەتە رۆژەڤ. ئەو دەڵێت، شۆفێرەکان پابەندی رێنماییەکانی بوون.
 
دیمەنەکە لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان 16-6-2024 لە شارۆچکەی کۆجن ـی چین تۆمارکراوە. 
 
ئیسماعیل دەربەندی ئەو کەسەیە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە. دانیشتووی شاری هەولێرە، بازرگانە و هاتووچۆی چین دەکات. ئەوڕۆژە لە شارۆچکەی کوجن بووە کە نزیکەی دوو کاژێر لە شاری کوانجۆ دوورە. 
 
ئیسماعیل دەربەندی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "من، زۆربەی جار کە لەوێم، ئێواران لە ناوچەی پیشەسازیی کوجن دەگەڕێمەوە شوێنەکەی خۆم. ئێوارەی یەکەم رۆژی جەژن سەیرم کرد زۆر زۆر قەرەباڵخە. بەدەر لە قەرەباڵخییەکە ئۆتۆمبێلەکان گیریان خواردبوو و هیچ پۆلیسێکی هاتووچۆشی لێ نەبوو".
 
هەروەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە، ئیسماعیل دەربەندی بە دەم فیکە بۆ شۆفێران لێدەدات و بە نۆرە رێگەیان پێدەدات. دوای ئەوەی لایەک لە چاوەڕوانی دادەنێت، رێگە بۆ لاکەی دیکە دەکاتەوە و کۆتایی بە قەرەباڵخییەکە دێت.
 
ئیسماعیل دەربەندی گوتی "ئەو شوێنە فولکە بوو و پێویست بوو پۆلیسی هاتووچۆی لێ بێت، بەڵام هیچ پۆلیسێک نەبوو و ئۆتۆمبێلەکان گیریان خواردبوو. من دوای 30 خولەک چاوەڕێکردن لە هەمان شوێن، لە ئۆتۆمبیل دابەزیم و ئەرکی پۆلیسی هاتووچۆم بینی، شۆفێران راستەوخۆ پابەندی رێنماییەکانی من بوون و دەستخۆشییان لێکردم، بەڵام زۆر بە سەرسوڕمانەوە سەیری جلەکانی منیان دەکرد. ئەوان نەیاندەزانی لە کوێوە هاتووم و ئەرکە سەرەکییەکەم چییە."
 
ئیسماعیل دەربەندی هەروەها باس لەوە دەکات ئەوکاتە بە ئەرکی خۆی زانیوە هەوڵێکی لەم جۆرە بدات و دەڵێت "من، خۆم و خەڵکێکی زۆرم لەو قەرەباڵخییە رزگار کرد. ئەگەرنا دەبوو چەند کاژێرێک لەوێ بێهودە چاوەڕێ بکەین."
 
هەروەها دەڵێت، ئەوەی کردوویەتی بە ئەرکی سەر شانی زانیوە و ئەرکێکی مرۆیی بووە. چونکە کۆتایی بە دۆخێکی شپرزە هێناوە. هەروەها گوتی "دڵنیام هەر کوردێکی دیکە لە شوێنی من بووایە هەمان کاری دەکرد. چونکە کورد هەست بە بەرپرسیاریێتی دەکات و دڵسۆزە."