ئەفغانستان: بەشداری گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، شاندێک بۆ بەشداری لە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرنە قەتەر؛ ئەمە دوای ئەوە دێت کە لە دوو گەڕی پێشتردا بەشدارییان نەکردبوو.
رۆژی یەکشەممە، 16ی حوزەیرانی 2024، زەبیحوڵـڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند: "شاندێکی ئەمارەتی ئیسلامی (ئەفغانستان) بەشداری لە کۆنفرانسی داهاتووی دەوحەدا دەکات و لەوێ نوێنەرایەتی ئەفغانستان دەکات".
پێشتر لە یەکەم کۆنفرانسی دەوحە کە ئاداری 2023 بەڕێوەچوو، نوێنەرانی ئەفغانستان بانگهێشتنەکران؛ لە کۆنفرانسی دووەمدا کە شوباتی ئەمساڵ کرا، بانگهێشتکران بەڵام رەتیانکردەوە بەشداری بکەن. کۆنفرانسی سێیەمیش بڕیارە 30ی ئەم مانگە دەستپێبکات و دوو رۆژ بەردەوام بێت.
پێش بەڕێوەچوونی دووەم کۆنفرانسی دەوحە، حکومەتی ئەفغانستان داوایکرد تەنیا نوێنەرانی حکومەتی وڵاتەکەی بەشداری گفتوگۆکان بکەن، بەڵام چەند گرووپێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤیش بانگهێشت کران.
گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان ئاماژەی بە ئەندامانی شاندەکە نەکرد، بەڵام گوتی، ئەجێندای گفتوگۆکان بابەتەکانی وەک "ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەفغانستان و رەخساندنی دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران لە ئەفغانستان" و ئەوەش بەسوودە.
ئابی 2021 تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردەوە، بەڵام راگرتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە کێشەی گەورەی دروستکردووە و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیان ژیانیان زۆر زەحمەتە.