بایدن ژنە هونەرمەندێک بە خۆیەوە دەگوشێت و ژنەکەش دووری دەخاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئاهەنگێکدا کە لە باخچەی کۆشکی سپی بۆ بڵاوبوونەوەی فیلمێک رێکخرابوو، جۆ بایدن باوەش بە دەرهێنەری فیلمەکەدا دەکات و بۆ چەند چرکەیەک کەمەری دەگرێت، تاوەکو خانمە هونەرمەندەکە دەستی بایدن دووردەخاتەوە.
 
ئیڤا لۆنگۆریا، خانمە ئەکتەر و دەرهێنەری تەمەن 48 ساڵ بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمە نوێیەکەی "فلامین هۆت" ئاهەنگێکی لە باخچەی کۆشکی سپی بە بەشداریی سەتان هەوادار و بە ئامادەبوونی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێکخرا.
 
ئاهەنگەکە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو و ئیڤا کراسێکی پرتەقاڵیی لەبەرکردبوو.
 
دوای ئەوەی ئیڤا گوتارێکی لەبارەی فیلمە نوێیەکەی پێشکێش کرد، پێشوازیی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد گوتار پێشکێش بکات. وا دیاربوو کراسە پرتەقاڵییەکەی ئیڤا کاریگەریی لەسەر جۆ بایدن کردبوو، چونکە لەجیاتی جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵ کە تەنیا تەوقەکردنێکی ئاساییە، باوەشی بە ئیڤادا کرد.
 
جۆ بایدن لە گوتارەکەیدا دەستخۆشیی لە ئیڤا کرد لەسەر فیلمە نوێیەکەی. پاشان گوتی، لەمێژە یەکدی دەناسن و "ئەو 17 ساڵ بوو و من 40 ساڵ بووم" کە یەکەم جار یەکیان بینیوە.
 
بەڵام لە راستیدا جۆ بایدن 50 ساڵ بووە کە ئیڤا لۆنگۆریای بۆ جاری یەکەم بینیوە لە 17 ساڵیدا.
 
دوای تەواوبوونی قسەکانی، بایدن بۆ جاری دووەم باوەش بە لۆنگۆریادا دەکات، بەڵام ئەمجارە تووندتر بەخۆیەوە دەیگوشێت و پاشان دەست دەخاتە سەر کەمەری، تاوەکو لۆنگۆریا دەستی دەگرێت و دەموچاوی بە جۆرێک گرژ دەکات و دەستی دووردەخاتەوە.
 
قسەکانی جۆ بایدن و ئەو رەفتارە سەیرەی لەگەڵ لۆنگۆریادا کردی بووەتە باسی میدیا جیهانییەکان. بەشێک لە هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانیش داوایان لە ئیڤا لۆنگۆریا کردووە لەسەر ئەو رەفتارەی بایدن بێدەنگ نەبێت.