کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی ئەڵمانیا دەرکەوتوون


رووداو دیجیتاڵ

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی ئەڵمانیا دەرکەوتوون. بییانکا رووسلەر، 25 ساڵە کەشیتوانە، نەوەی حەوتەمی کۆمپانیای باو باپیرانیەتی و دەڵێت، کاتێک ئاوی رووبار کەم دەبێتەوە، مەترسیی لەسەر کەشتییەکان دروست دەکات.
 
بیانکا رووسلە، کەشتیوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاتێک ئاستی ئاو کەم دەبێت، شتێکی تایبەتە و دەبێت وریا بین، کاتێک پێیدا تێدەپەڕین، لە کوێ ئاستی ئاو کەمە، بێگومان گوێمان لە دەنگی بەردەکان دەبێت کە دەیدات لە بنی کەشتییەکە، بۆیە زۆر بە وردی ئەو شوێنانە تەماشا دەکەین بۆ ئەوەی چیدیکە ئەوە روونەدات. ئێستا شارەزاین و دەزانین لەکوێ ئاو نزمە و لە کوێ نزم نییە."
 
هەندێک ناوچەی ئەڵمانیا لە ساڵانی 2018 تاوەکو 2022، وشکەساڵی و کەمی ئاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە هەندێک شوێنیش لافاو هەبووە. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە گۆڕانە سرووشتییەکانی کەشوهەوا ساڵ بە ساڵ زیاتر بێت.
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دەچێتە پەیمانگەی "ڤوپەرتا" کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؛ هەروەها راوێژ بە یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتی ئەڵمانیاش دەدەن.
 
کۆنستانسە شميت، راوێژکاری زانستییە بۆ گونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و پەرەپێدانی بابەتەکانی ستراتیژی لە پەیمانگەکە و دەڵێت، "لە هەندێک شوێنی ئەڵمانیا گرنگە سیستمی زوو ئاگادارکردنەوەی مەترسیی لافاو دابنرێن، چونکە رێکاری دروست لەو شوێنانەی وەکو دۆڵی ئارتالە کەمتر بەردەستە. بەدڵنیاییەوە باشترکردنی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ لافاوەکان گرنگە، بەڵام رێوشوێنی وەکو دروستکردنی شۆستەکانی ناو شارەکان بەجۆرێک کە ئاو هەڵمژێت و کۆیبکاتەوە بۆ ناو حەوزێک، بەهەمان شێوە گرنگە، چونکە ئەم جۆرە حەوزانە ئاوەکە هەڵدەمژن کە لە رێگەی بارانێکی زۆرەوە دروست بووە. ئەم ئاوەش لە وەرزی هاوین و وشکەساڵیدا سوودی لێوەردەگیرێت."
 
راپۆرتی شەشەمی نەتەوە یەگرتوەکان لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا ئەوە دەردەخات کە دۆخەکی کەشوهەوا مەترسیدارە، ئەوەش ناشارنەوە کە ئەگەر پێشبڕی لەو گۆڕانکارییانە نەکرێن و ئامادەکاری نەکرێت، ئەوە رەنگە جیهان رووبەڕووی قەیرانی خۆراک ببێتەوە و بە ملیۆن کەسیش ئاوارەبن.