رۆژنامەڤانێکی ئایسلاندی: ئیستۆنیا پێش ئێمە دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا دەنێت
رووداو- هەولێر
نیو سەدە لەمەوبەر بەڕێگەی قاچاخ هاتبووە كوردستان، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، بە پاسپۆرتی خۆیەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دابەزی. پرۆفیسۆری رۆژنامەنووس ئیرلندۆر هارالدسۆن، خەڵكی ئایسلاندایە و یەكێكە لەوانەی رۆڵێكی زۆری هەبووە لە گواستنەوەی هەواڵەكانی شۆڕشی كورد بە جیهانی دەرەوە. لە رۆژنامە دیارەكانی دونیادا، وتار و راپۆرت و لێدوانی ئەو سەبارەت بە دۆزی كورد بڵاودەبوونەوە، بەشێك لەو وێنە دانسقانە یان ئەو ڤیدیۆیانەی سەبارەت بە شۆڕشی كورد تۆمار كراون، بە كامێرای هارالدسۆن گیراون. پەرتووكێكیشی هەیە بەناوی "لەگەڵ چەكدارانی كوردستان". هاراڵدسۆن لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) چیرۆكی ئاشنابوونی بە دۆزی كورد و هاتنی بۆ كوردستان باس دەكات.
پێشبینی دەكەم چەند وڵاتێكی رۆژاوایی دەستبەجێ دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێن
رووداو: پەیوەندی و نزیكبوونەوەی ئێوە لە شۆڕشی كورد چۆن بوو؟ چۆن سەركردەكان و پێشمەرگەكانی كوردستانتان لە چیاكان ناسی، لە كاتێكدا ئێوە لە ئایسلاند بوون؟
هارالدسۆن: لە ئایسلاند كوردم نەدەناسی، ئەوكاتەی لە بەرلین دەمخوێند، ساڵی 1961 چەند خوێندكارێكی كوردم ناسی. هەر ئەوكاتە بەلامەوە سەرنجڕاكێش بوون و بوومە هاوڕێیان. ئەوان باسی شۆڕشی كوردیان بۆ كردم لە عێراق. دواتر كە بڕیارم دا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەم، بڕیارم دا بە خێرایی سەردانی ئەو شۆڕشگێڕانەش بكەم.
رووداو: جاری یەكەم كەی بوو كە هاتیتە كوردستان؟
هارالدسۆن: ساڵی 1962 بوو، چوومە قەسری شیرین، لەوێوە بە نهێنی بەرەو سنووری عێراق رۆیشتین و چووینە ناوچە كوردنشینەكان. چەند شەوێك بەڕێوەبووین، تاوەكو گەیشتینە ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی پێشمەرگە بوون.
رووداو: ئەو شوێنە كوێ بوو؟
هارالدسۆن: پێموایە شوێنێك بوو لە باكووری هەڵەبجە، ناوەكەیم بە تەواوی لەبیر نەماوە، بەڵام لە باشووری سلێمانی بوو، ئەوێ بەدەست پێشمەرگەوە بوو.
رووداو: كەی مستەفا بارزانیت بینی؟
هارالدسۆن: لە سێپتەمبەری 1964 سەردانی كوردستانم كردەوە. لەو كاتەدا ئاگربەست راگەیەندرا، شەڕ وەستابوو. چوومە سەر سنووری ئێران و پێشمەرگە منیان بە ئۆتۆمبێل بردە سلێمانی، لەوێشەوە بۆ رانیە. لەوێ چاوم بە مەلا مستەفا كەوت.
رووداو: وێنەیەكی مەلا مستەفا هەیە زۆر بڵاوە، بەڵام زۆر كەس نازانێ تۆ ئەو وێنەیەت گرتووە، چیرۆكی ئەو وێنەیە چۆن بوو؟
هارالدسۆن: رۆژێك بارزانی منی بانگهێشت كرد بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆی لە شاخەكانی دەوروبەری رانیە. سەركردایەتی لەوێ بوو، شوێنەكە نهێنی بوو، لەبەرئەوەی هەموو كاتێك چاوەڕێی هێرش دەكرا. نانی ئێوارەمان خوارد، گفتوگۆیەكی درێژمان كرد. ئەم وێنەیە سەرلەبەیانی رۆژی دواتر لە دامێنی چیاكە گیراوە.
رووداو: بابەتی گفتوگۆی ئێوە لەگەڵ بارزانی چی بوو؟
هارالدسۆن: من سووربووم لەسەر زانینی بۆچوونی بارزانی لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا. ئەو چاوەڕوانیی گەورەی لە بەغدا نەبوو. دەیگوت بەغدا ئامادە نییە شتێكی ئەوتۆ بۆ كورد بكات، لەو كاتەدا، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لە قەڵادزێ رێكخست. وێنەیەكی ئەو كۆبوونەوەیەم گرتووە. لەوێ كوردی هەموو ناوچەكانی كوردستانی عێراقی كۆكردنەوە. ژمارەیەكی زۆر خەڵك ئامادەبوون. پێموایە چەند سەت كەسێك دەبوون. لەهەمانكاتدا نوێنەرانی پێشمەرگە لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیشەوە هاتبوون.
رووداو: كەسایەتی بارزانیت چۆن بینی؟
هارالدسۆن: سەركردەیەكی خاوەن كاریزما بوو. كەسایەتییەكی بەهێزی هەبوو. من زۆر بەدڵم بوو. پێموایە زۆر رێزی لە هەمووان دەگرت. ئەوەم تێبینی كرد كە پێشمەرگەكان زۆر رێزی لێدەگرن. لە هەمانكاتدا كەسێكی زیرەك بوو. ئەو كۆبوونەوەیەی كە رێكیخست جۆرە گشتپرسییەكی بچووك بوو. بۆ زانینی رەوشی كوردستان بوو.
بارزانی گەشبین نەبوو بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا
رووداو: بۆچوونی بارزانی لەبارەی داهاتووی كوردستان چی بوو؟
هارالدسۆن: لەو كاتەدا داوای ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دەكرد. من ئاگادار نیم كە لەو كاتەدا داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كردبێت، رەنگە وەك پرۆژەیەك بۆ داهاتوو بیری لێكردبێتەوە. بەڵام ئەوەی ئەوكات داوای دەكرد، ئۆتۆنۆمی بوو.
رووداو: روانگەی ئەو بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا چی بوو؟
هارالدسۆن: بارزانی دەیویست بەردەوام بێت لە شەڕ تاوەكو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، بەڵام زۆر گەشبین نەبوو لەبارەی گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا. جارجار دانوستاندن دەكرا، بەڵام نەدەگەیشتنە هیچ خاڵێك.
رووداو: جۆری كامێراكەت چی بوو، بارزانی رای لێبوو؟
هارالدسۆن: بارزانی؟ لێی پرسیم حەزناكەی كامێرای ڤیدیۆت پێبێت؟ منیش گوتم بەڵێ بێگومان. كەسێكی ناردە بەغدا، لەوێوە كامێرایەكی شەست میلیمی بۆ هێنام. منیش بەكارمهێنا بۆ گرتنی چەند ڤیدیۆیەك. یەكێك لە ڤیدیۆكان زۆر ناوبانگی دەركرد، تێیدا بارزانی لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك لە شوێنی حەوانەوەی دێتە خوارەوە بەرەو رانیە.
رووداو: لە كوردستان ئەو وێنانەی تۆ گرتووتن ئێستا لە زۆر شوێن هەڵواسراون، لە ئایسلاند ئاگاداربووی كە وێنەكانت بەو بەرفراوانییە بڵاوكراونەتەوە؟
هارالدسۆن: نەخێر ئاگاداری ئەوە نەبووم.
بارزانی كامێرایەكی 60 مللیمی بۆ كڕیم
رووداو: كوردستان بەنیازی گشتپرسییە، پێتوایە كاتەكە گونجاوبێ بۆ گشتپرسی؟
هارالدسۆن: گشتپرسی بڕیارێكی زیرەكانەیە. لەبەرئەوەی ئەگەر كورد بەڕێژەیەكی زۆر بە بەڵێ دەنگ بدەن، ئەوكات ئیرادەی خەڵك روون دەبێت. تێدەگەم كە زۆربەی دانیشتووان بە بەڵێ دەنگ دەدەن. ئەوەش باشترین ئارگومێنتە لەلای جیهانی رۆژئاوا بۆ سەربەخۆیی كورد. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دواتر چی روودەدات؟ من ئەو پرسیارەم ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، گوتی رەنگە دوای ئەوە پرۆسەیەكی درێژی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بەڕێوەبچێت.
رووداو: وڵاتانی دەوروبەر حەز بە گشتپرسی ناكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیە بكات؟
هارالدسۆن: بێگومان ئەوە كێشەیە، چونكە كورد لە سووریا، توركیا و ئێرانیش دەژین. بەڵام پێویستە ئێوە بەڕێی خۆتاندا بڕۆن. پێشموایە پێویستە كوردستان بەدوای ئەوەوە بێت ببێتە كۆمارێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری. پێشبینی دەكەم دەستبەجێ ژمارەیەك وڵاتی رۆژئاوایی دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێن. بۆ نموونە ئایسلاند، یەكەم وڵات بوو كە دانی بە دەوڵەتە تازە دامەزراوەكانی ئیستۆنیا و لاتڤیا و لیتوانیادا نا. پێش ئێمە، لە ترسی رووسیا كەس نەیدەوێرا دانیان پێدابنێت. بەڵام دوای ئێمە، سوید و فینلاند و نەرویجیش دانیان پێدانان. لە هەولێر چاوم بە نوێنەری ئیستۆنیا كەوت، ئەو بیری خستمەوە كە ئایسلاند یەكەم وڵات بوو دانی بەو وڵاتانەدا نا. هەروەها گوتی ئەمجارە ئێمە پێش ئێوە دەكەوین و یەكەم وڵات دەبین دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا دەنێین.