رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، لە شاری روان لە باکووری ئەو وڵاتە، "چەکدارێک"یان کوشتووە کە ویستوویەتی ئاگر لە پەرستگەیەکی جووەکان بەربدات.
رۆژی هەینی، 17ـی ئایاری 2024، جیرارد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند: "پۆلیسی نیشتمانی لە شاری روان کەسێکیان کوشتووە کە ویستوویەتی ئاگر بەرداتە پەرستگەیەکی جووەکان لە شارەکەدا".
بەگوتەی پۆلیسی فەرەنسا، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە، دوای ئەوەی پیاوەکە هەوڵی سووتاندنی پەرستگەکەی داوە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چەکدارەکە ویستوویەتی بە چەقۆ هێرشبکاتە سەر پۆلیس و پۆلیسیش کوشتوویەتی.
تائێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە، پۆلیسیش رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هێرش بۆ سەر جووەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
بەگوتەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، تەنیا لە ساڵی 2023ـدا هەزار و 676 رووداوی هێرشکردنە سەر جووەکان لە فەرەنسا تۆمارکراون، کە بەشی زۆریان دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە بووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2022ـدا تەنیا 486 جار هێرشکراوەتە سەر جووەکانی ئەو وڵاتە.
فەرەنسا لە دوای ئیسرائیل و ئەمریکا، زۆرترین جووی تێدا دەژی کە ژمارەیان نزیکەی 500 هەزار کەسە.
بەگوێرەی نوێترین راپرسی کە لەلایەن زانکۆی عیبری ئیسرائیلی بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 55٪ جووەکان پێیانوایە کۆمەڵگەی فەرەنسا دژە سامییە و ئەو وڵاتە بۆ جووەکان سەلامەت نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ