ئەو کەسەی تەقەی لە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا کرد دادگەیی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی سلۆڤاکیا دەڵێت، ئەو کەسەی تەقەی لە سەرۆکوەزیران کرد و برینداری کرد، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن دادگەیی دەکرێت. میدیای سلۆڤاکیاش دەڵێن، لەوانەیە بە بەندکردنی تاهەتایی سزا بدرێت.
رۆژی هەینی 17-05-2024 کاتارینا کودیاکۆڤا، گوتەبێژی دادگەی تاوانی سلۆڤاکیا گوتی، "ئەو تۆمەتبارەی تەقەی لە سەرۆکوەزیران کرد، بەیانیی 18ی ئایار، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە."
تاوەکو ئێستا بە فەرمی زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر هێرشکارەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام میدیای سلۆڤاکیا دەڵێت، پیاوەکە تەمەنی 71 ساڵە، خەڵکی شارۆچکەی لێڤیسە و لەوانەیە سزای بەندکردنی تاهەتایی بدرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە گۆڕەپانێکی شارۆچکەی هاندلۆڤا، لەنێو ئاپۆڕای خەڵک، پیاوێک تەقەی لە رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا کرد و برینداری کرد.
پاسەوانەکانی فیکۆ بە زوویی سەرۆکوەزیرانیان خستە نێو ئۆتۆمبێل و بەرەو نەخۆشخانە بردیان، پۆلیسیش تەقەکەرەکەی لەوێ دەستگیرکرد. حکومەتی سلۆڤاکیا ئەوکات بە فەرمی رایگەیاند، "دۆخی تەندروستیی رۆبەرت فیکۆ ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە."
رۆبەرت فیکۆی 59 ساڵ چەند گوللـەیەکی بەرکەوت، دوو نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوە و حکومەت دەڵێت، ئێستا دۆخی تەندروستیی باشترە و دەتوانێت قسە بکات. هاوکارانی فیکۆ دەڵێن، "هێرشەکە مەبەستی سیاسیی لەپشت بووە."
دوێنێ پێنجشەممە، ماتووش شوتای ئێشتۆک، وەزیری ناوخۆی سلۆڤاکیا گوتی، "گومانلێکراوەکە بە تەنیا هێرشەکەی کردووە و پێشتریش لە چەند خۆپیشاندانێکی دژی حکومەت بەشداریی کردووە."
میدیای سلۆڤاکیا هەروەها دەڵێن، ئەو پیاوە نووسەر و چالاکڤانێکی سیاسییە.
هێرشەکە بە رۆژی رووناک و لە نزیکەوە بوو، پێنج گوللـە بەر سەرۆکوەزیران کەوت کە زۆربەیان لە ناوچەی سکی بوون. لەبەر سەختیی برینەکانی فیکۆ، بە هیلێکۆپتەرێک گوازرایەوە نەخۆشخانەیەکی دیکە و نەشتەرگەرییەکی چەند کاژێریی بۆ کرا.
رۆبێرت فیکۆی تەمەن 59 ساڵ، لە 2006وە تائیستا سێ جار ئەو پۆستەی وەرگرتووە. فیکۆ بە سەرکردەیەکی دژە رۆژئاوا و بەتایبەتی یەکێتی ئەورووپا ناسراوە. ئەو هەروەها بەکەسێکی نزیک لە رووسیا ناسراوە؛ پار لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو بە گەڕانەوەی بۆ سەرکردایەتی وڵات، هەموو هاوکارییەکی سەربازی بۆ ئۆکراینا رادەگرێت. هەروەها بەڵێنیدابوو ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ بلۆک بکات.