کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات بە یاسا ژیریی دەستکرد رێکبخات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، پڕۆگرامی چات جی پی تی-یان دروستکردووە لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە بوو و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی کۆنگرێسی دایەوە و داوای لێکردن بە یاسا ژیریی دەستکرد رێکبخەن.
 
رۆژی سێشەممە 16ی ئایاری 2023 سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئەو تەکنەلۆجیایە بە رێگەیەکی هەڵەدا بڕوات، ئەوا لەدەست دەردەچێت."
 
ئەڵتمان داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە هەندێک یاسای نوێ بەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆجیا گەورەکاندا بسەپێنن. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە گوتی، "کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بۆ ئەوە دامەزرا کە ژیانمان بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام ژیریی دەستکرد لە هەمان کاتدا دەتوانێت مەترسیی جیدی لەسەر کۆمەڵگە دروستبکات."
 
ژیریی دەستکرد، بە گوتەی ئەڵتمان، لە داهاتوودا "دەتوانێت چەند کێشەیەکی گەورەی مرۆڤایەتی، وەکو گۆڕانی کەشوهەوا و شێرپەنجە، چارەسەر بکات."
 
لە کۆنگرێس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایە داوای کرد کە بە هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی ئاژانسێکی ئەمریکی سەرپەرشتی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بکرێت و گوتیشی، "پێموایە ئەمریکا پێویستە کار بۆ ئەوە بکات، بەڵام بۆئەوەی کاریگەر بێت دەبێت شتەکە جیهانی بێت."
 
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد، پڕۆگرامەکانی ژیریی دەستکردی وەکو ChatGPT و DALL-E دەبێت رێوشوێنی تایبەت و شەفاف بە بەکارهێنەران بگرنەبەر و پێویستە زانیاری بە بەکارهێنەرانیان بدەن.
 
ئەڵتمان دانی بەوەدا نا کە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری دروستبکات و ببێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک پیشە لەنێوبچن و گوتی، "کاریگەری لەسەر پیشەکان دروست دەبێت، هەوڵدەدەین زۆر روون بین لەوبارەیەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەڵتمان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ سەر دیموکراسی دەربڕی و گوتی، "دەتواندرێت ژیریی دەستکرد بەکاربهێندرێت بۆئەوەی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان دروستبکات."
 
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد دەربڕی.
 
جۆش هاوڵی، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، تەکنەلۆجییای ژیریی دەستکردی بە "بۆمبی ئەتۆمی" بەراورد کرد، بەڵام گوتیشی، "تەکنەلۆجیاکە دەتواندرێت شۆڕشگێڕانە بێت."
 
ریچارد بلومێنساڵ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە گوتی، "مەرج نییە ژیریی دەستکرد ئەو داهاتووە بێت کە ئێمە دەمانەوێت. پێویستە باشە بەسەر خراپەدا هەڵبژێرین، کۆنگرێس ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردندایە."