ئەمریکا: تورکیا تۆمەتی تیرۆری بەسەر 9 مامۆستای ئایینیدا سەپاندووە لەبەر ئەوەی بە کوردی گوتاریان داوە

17-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ئازادیی ئایینی لە جیهان بڵاوکردەوە و یەکێک لەوانە تورکیایە (بە باکووری کوردستانیشەوە). بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی لە تورکیا ناسراو بە "دیانەت" ئەو خەڵکانە سزا دەدات کە بێڕێزی دەکەن یان رەخنە لە بنەما ئیسلامییەکان دەگرن.
 
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئازادیی ئایینی لە جیهان کە رۆژی دووشەممە 15-05-2023 بڵاوکرایەوە دەڵێت، تورکیا مافی کەمینە ئاینییەکانی سنووردار کردووە، بەتایبەت ئەوانەی لە رێککەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923دا ناویان لە لیستی ئایینەکانی تورکیا نەهاتووە کە پێکهاتوون لە کریستیانە ئەپۆستۆلیکی ئۆرتۆدۆکسی ئەرمەنی، جووەکان و کریستیانە ئۆرتۆدۆکسە یۆنانییەکان.
 
موسڵمانە عەلەوییەکان کە یەکێک لە رێبازەکانی سۆفیگەری پەیڕەو دەکەن، یەکێکن لە قوربانییەکانی ئەو سنووردارکردنی ئازادی و مافە ئایینییانە. جووەکان و هەندێک ئاینزای دیکەی وەکو شیعەی جەعفەری کە ژمارەیان لە دەیان هەزار کەسێک تێپەڕ ناکات، بەشێکی زۆری ئەو سنووردارکردنە دەیانگرێتەوە.
 
"دابەشبوونی ئایینیی تورکیا"
 
ئەمریکا مەزەندە دەکات ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 83 ملیۆن کەس بێت. بەگوێرەی حکومەتی تورکیا 99%ی ئەو ژمارەیە موسڵمانن، بە موسڵمانە عەلەوییەکانیشەوە؛ بەڵام بەگوێرەی کۆمپانیای کۆندای تورکی، کە تایبەتە بە راپرسی و شوێن و خاوەندارێتییەکەی ئاشکرا نەکراوە، 88%ی دانیشتووانی تورکیا موسڵمانی سوننە مەزهەبن، 6% بێباوەڕن، 4% موسڵمانی عەلەوین و 2%یش ئاینی خۆیان دیارینەکردووە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، موسڵمانە مەزهەب جیاوازەکان خۆیان ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەیانەوە دەخەنەڕوو. عەلەوییەکان خۆیان دەڵێن، 25 بۆ 31%ی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان پێکدەهێنن و شیعە جەعفەرییەکانیش خۆیان بە 4%ی دانیشتووان مەزەندە دەکەن.
 
جگە لە ئامارەکانی حکومەتی تورکیا، ئامارێکی فەرمی نییە بۆ دەرخستنی ژمارەی پێکهاتە ناموسڵمانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵام ئاماری کەمینە ئایینییەکان بەمجۆرەن: کریستیانی ئەپۆستۆلی ئۆرتۆدۆکسی ئەرمەنی 90 هەزار، کاسۆلیکی رۆمانی 25 هەزار، ئۆرتۆدۆکسی سووریایی 25 هەزار، جوو 12 بۆ 16 هەزار و 10 هەزار بەهایی.
 
هەروەها باس لەوە دەکرێت، ژمارەی کریستیانە ئۆرتۆدۆکسەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی چوونی کۆچبەری ئۆکراینی و رووسییەوە بۆ ئەو وڵاتە 150 هەزار زیادیکردووە؛ لەدوای جەنگەوە بە نزیکەیی 40 هەزار ئۆکراینی و 60 هەزار رووسی چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا.
 
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی "دیانەت" لە تورکیا ئەرکی چییە؟
 
دیانەت دامەزراوەیەکی ئایینییە لە تورکیا، کە بە دەستوور دامەزراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە لە تورکیا. لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت و لە لیژنەیەکی 16 کەسی پێکدێت کە لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە هەڵبژێردراون بۆ ئەندام لەو لیژنەیە.
 
دیانەت لە 5 بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز پێکدێت و بە ئەنجوومەنی باڵا ناسراون، ئەوانیش: خزمەتگوزاریی ئاینییەکان، حەج و عومرە، پەروەردەی ئایینی، بڵاوکراوە ئاینییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوەن. هەرچەندە بەگوێرەی دەستوور نەسەپێندراوە ئەندام و سەرۆکی ئەنجوومەنەکان موسڵمانی سوننە بن، بەڵام هەموویان سوننە مەزهەبن.
 
بەگوێرەی یاسا، ئەرکی سەرەکیی سەرۆکایەتیی دیانەت ئەوەیە کە گوتاری هەفتانەی مامۆستایانی ئایینی لە تەواوی تورکیا ئامادە بکات. هەر مامۆستایەکی ئایینی لە گوتارەکانیدا رەخنەی دیار لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا بگرێت، سزا دەدرێت. ئەگەر رەخنەکە "هاندانی خەڵکی تێدا بوو لە دژی حکومەت"، سزای زیندانیکردنی لە "شەش تاوەکو یەک ساڵ" بەسەردا دەسەپێندرێت.
 
"سزاکانی دیانەت بەسەر کورددا"
 
ساڵی 2018، دیانەت سزای 25 مانگ زیندانیکردنی بەسەر قەشەیەکی ئۆرتۆدۆکسی سووریایی سەپاندووە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆرستی". هۆکاری دانەپاڵی تۆمەتەکە ئەوەبووە، ئەو قەشەیە هەندێک نان و ئاوی داوەتە ژمارەیەک ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان کە سەردانی کەنیسەی (مار یەعقوب)یان کردووە. دوایین دادگاییکردنی ئاهۆ لە حوزەیرانی 2021دا بوو؛ ئەو قەشەیە بە دادوەری گوتووە، "من بەهۆی باوەڕەکەمەوە یارمەتیم داون، نەک بۆ یارمەتیدانی رێکخراوێک."
 
لە کۆتایی 2021دا، نۆ مامۆستای ئایینی کورد بە تۆمەتی ئەوەی گوتاریان بە کوردی خوێندووەتەوە، دەستگیرکران و رێکخراوێکەیان بەناوی (دامەزراوەی هاریکاریی مامۆستایانی ئایینی) داخرا. پۆلیس دوای دەستگیرکردن، تۆمەتی تیرۆری بەسەردا سەپاندوون و تاوەکو ئێستا سەرۆکی دامەزراوەکە لە زینداندایە و سێی دیکەیان دەبێت ناوبەناو سەردانی بنکەی پۆلیس بکەن بۆ پێشکێشکردنی ئەستۆپاکی و 5 کەسی دیکەیان تاوەکو ئێستا تۆمەتیان ئاڕاستە دەکرێت.
 
"سزای دیکەی تووندی ئایینی"
 
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، خزمەتکارێکی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس بە ناوی (ا، ق) لە یەکێک لە شەوەکانی قەدردا وێنەیەکی خۆی و هاوڕێکانی لە کاتی خواردنەوەی عارەقدا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "شەوی قەدر زۆر تایبەتە، بەهیوام خودا قبووڵی بکات". وێنەکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. دادگەیەکی پلە دووی ئیستەنبووڵ سزای لەکارلادانی بۆ ماوەی 3 مانگ و 22 رۆژ بەسەردا سەپاند. دواتر کۆمپانیاکەی داوای لێکردووە دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشبکات و لە دواتریشدا دادگە سزای 18 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە.
 
گوڵشەن چۆلاکۆغڵو، گۆرانیبێژێکی تورکییە؛ لە کۆنسێرتێکدا بە یەکێک لە ژەنیارەکانی (کە بە خراپی مۆسیقا لێدەدات) دەڵێت، ئەوە هی ئەوەیە لە خوێندنگەی ئیسلامی خوێندووتە. گۆرانیبێژەکە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی رق و دوژمنکاری" بەسەردا سەپێندرا و لە سەرەتادا پێنج رۆژ دەستبەسەر بوو، دواتر لە ماڵەکەی خۆیدا 15 رۆژ دەستبەسەر کرا. هەرچەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی داوای لێبووردنی کرد و بە تایبەت ئاراستەی دەرچووانی خوێندنگە و زانکۆ ئایینییەکانی کرد، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام تاوەکو کۆتایی 2022 کەیسەکەی لە دادگەدا مابوو.
 
"جیاکاری لە بەڕێکردنی کار و کردنەوەی ناوەندی خوێندنی ئایینی"
 
بە گوێرەی رێکەوتننامەی لۆزان، حکومەتی تورکیا دەبێت دان بە کەمینە ئاینییەکانی، کریستیانی ئەپۆستۆلیکی کاتۆلیکی ئەرمەنی، کریستیانی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی و جوو دا بنێت، بەڵام حکومەتی ئێستا پێشێلی دەستوور دەکات و رەتیدەکاتەوە بە فەرمی بە کەمە ئاینییان بناسێنێت. هەروەها مافی ئەوەیان نییە موڵک بکڕن.
 
ژمارەیەک قەشە ئەوەیان راگەیاندووە لە دامەزراوە حکومییەکاندا کێشە و بەربەستیان بۆ دروستدەکرێت لە کردنەوەی پەرستگەی نوێ. باسیش لەوە دەکەن، ناچارن لە شوێنی تۆمارنەکراودا ئەرکە ئاینییەکانیان پەیڕەو بکەن، چونکە حکومەت رێگە بە کردنەوەی پەرستگەی نوێ نادات و بەهانەی یاساییان پێدەگرێت. یەکێک لەو مەرجانە دیاریکردنی رووبەری شوێنەکەیە کە نابێت لە 1000 مەتر کەمتر بێت و باس لەوە دەکەن ئەو مەرجە بۆ کردنەوەی مزگەوت ناسەپێنرێت.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، حکومەت بەردەوامە لە فراوانکردنی پەروەردەی پێگەیاندنی ئیمام و خەتیب کە بە دڵ و خواستی حکومەت گوتار پێشکێش بکەن. لە کۆتایی 2022 دا 3,451 قوتابخانەی ناوەندی ئیمام و خەتیبی لە باکووری کوردستان و تورکیا هەبووە کە دەکاتە 18.2٪ی تەواوی خوێندنگە ناوەندییەکان. ئەمە بەراورد بە تەنیا 1,131 خوێندنگەی ناوەنی پێگەیاندنی ئیمام و خەتیب لە 2013 کە ئەوکات 13.8٪ی خوێندنگە ناوەندییەکان بوون. لە ئاستی خوێندنگە ئامادەییەکان، تاوەکو کۆتایی 2022، 1,693 خوێندگەی ئامادەیی پێگەیاندنی ئیمام و خەتیب هەبووە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەبووە کە دەکاتە 13.2٪ی تەواوی خوێندنگە ئامادەییەکان؛ لە 2004دا ژمارەی ئەو خوێندنگانەی ئیمام و خەتیبیان پێدەگەیاند 442 دانە بوون و 10.4٪ی خوێندنگە ئامادەییەکان بوون. 
 
کەمینە ئاینییەکان باس لەوە دەکەن، حکومەت تا دێت خەرجییەکان بۆ کەمینە ئاینییەکان کەمدەکاتەوە. لە 2022دا حکومەت ساڵانە 16 هەزار دۆلاری دەدایە بڵاوکراوە و گۆڤاری کەمینە ئاینییەکان، ئەمە لەکاتێکدایە لە 2020دا 19 هەزار دۆلار تەرخان دەکرا بۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیاوێک بە بەردەم بۆرسەی نیویۆرک دا تێدەپەڕێت. وێنە: Reuters

پیاوێکی ئەمریکی بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا

پیاوێکی ئەمریکی تەمەن 30 ساڵ بە گومانی پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆرسەی نیویۆرک دەستگیرکرا. پلانەکەی دوای ئەوە ئاشکرابووە کە لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام نەیزانیوە کارمەندی پۆلیسن.