وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتیوانی لە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئاوارەکانی عێراق دەکەین

رووداو - واشنتن

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی راپۆرتی ئازادی و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ 1.2 ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی لە عێراق دەکات.چارەسەرەکەش بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بریتییە لە "گەڕانەوەی خێزان و کەسەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە، سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ شنگال و ناوچەکانی دیکە''.
 
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینیی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. 
 
لە راپۆرتەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینی، بە ئەرێنی باسی هەرێمی کوردستان دەکات. هاوکات رەخنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەگرێت لە بەرامبەر مامەڵەیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە. پەکەکەش تۆمەتباردەکات بە رفاندن و بەسەربازکردنی منداڵانی کوردی ئێزدی لە شنگال.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رووداوی لە واشنتن داوەتەوە، دەڵێت: "ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە هەموو پێکهاتە ئایینییەکان، هاوکات هاوکاری و پشتیوانی هەموو پێکهاتە ئاینی و ئیتینییەکان دەکات".
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە پشتبەستن بە قسەی سەرکردە ئایینییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان "هێزە ئەمنییەکانی عێراق تووندوتیژی و هەراسانکارییان بەرامبەر ئەندامانی پێکهاتە کەمینەکانی دیکە بەکارهێناوە".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە پارێزگاریکردن لەو پێکهاتانە رەهەندێکی گرنگن بۆ  ''سەقامگیری درێژخایەن لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی''.
 
دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان و پاراستنی ئازادی ئایینی و باوەڕەکانی دیکە، یارمەتی ئەو خەڵکانەش دەدەن کە قوربانی دەستی داعش و کارە دڕندانەییەکانی دیکەن، لە نێویاندا هاوکاریکردنی ئێزدییەکان، کریستیانەکان و موسڵمانە شیعەکان.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتەکەیدا تیشکی خستبووە سەر ئەوەی، حەشدی شەعبی "هەراسانکردنی زارەکی و مامەڵەی خراپی جەستەیی" لە بەرامبەر کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان بەکارهێناوە. دەشڵێت، "لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەندامانی پێکهاتە کەمینەییەکان، لەنێویشیاندا کریستیان و ئێزدییەکان، رایانگەیاند وێڕای هەراسانکردنیان بە شێوەیەکی زارەکی لە لایەن دامودەزگە خۆجێیەکانەوە، حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی گشتی دەستوەردانی نەکرد".
 
درێژکردنەوەی باری نائاسایی نیشتمانیی تایبەت بە عێراق 
 
رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردەوە کە بڕیاریداوە باری نائاسایی نیشتمانیی پەیوەست بە عێراق درێژبکاتەوە، چونکە پێیوایە دۆخی نێوخۆی عێراق هێشتا سەقامگیر نەبووە، بەڵکو "هەڕەشەیەکی نائاسایی و گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی درێژکردنەوەی ئەو بڕیارە و کاریگەرییەکانی، بە (رووداو)ی گوت: "سەرۆک بڕیاری 13303ـی 22ـی ئایاری 2003ـی تایبەت بە باری نائاسایی نیشتمانی درێژکردەوە، کە تێیدا بەردەوامی بە ژمارەیەک سزای دیاریکراو بۆ سەر کەسایەتییەکان و هەروەها ئەو چالاکیانەش درێژدەکاتەوە، کە دەبنە هەڕەشە لەسەر هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی عێراق".
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: دەتوانن ئەپدەیتێکمان پێبدەن لەبارەی هەر هەنگاوێک کە ئێوە لە دژی ئەو گرووپانەی عێراق گرتووتانەبەر، کە لە راپۆرتەکەتان، راپۆرتی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئاماژەتان پێداون، ئەوانەی کە پێشێلکارییان بەرامبەر بە مافی پێکهاتەکانی وەک ئێزدییەکان و کرستیانەکان کردووە؟
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەمریکا پشتیوانی لە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ 1.2 ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی لە عێراق دەکات، کە چارەسەرەکە بریتییە لە گەڕانەوەی خێزان و کەسەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە، سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ شنگال و ناوچەکانی دیکە.
 
ئەمریکا بە تووندی پابەندە بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە ئازادی ئایینی و فرەخوازی دەکات. ئێمە بەردەوامدەبین لە پەرەپێدان و هاوکاریکردنی دارایی و هەروەها بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژانەی پشتیوانی لە هەموو پێکهاتە ئاینییەکان بەتایبەتیش ئەوانەی کە ئاوارەن، یان دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئێمەش لەگەڵ ئێمەدا بەشدارن لە پشتیوانیکردن لە پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان، ئەو پێکهاتەنە گرنگن بۆ سەقامگیری درێژخایەن لە عێراق هەروەها ناوچەکەش بەگشتی.
 
ئێمە، پابەند دەمێنینەوە بە پەرەپێدان و پاراستنی ئازادی ئایینی بۆ ئەندامانی هەموو ئایین و باوەڕەکان. ئێمە بەردەوامدەبین لە یارمەتیدانی هەموو قوربانییانی جینۆسایدی داعش و کارە دڕندانەییەکانی دیکەیان، هەروەها بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان، کرستیانەکان و موسڵمانە شیعەکان.
 
رووداو: سەرۆک بایدن رۆژی سێشەممە، لە نامەیەکدا کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە کە دەیەوێت، ماوەی بڕیاری 13303ـی تایبەت بە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژبکاتەوە، بۆچی ئەم ئیدارەیە دەیەوێت ئەم بڕیارە درێژبکاتەوە؟ هەروەها ئەو هەڕەشانە چین کە بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم بنیادنانەوەی عێراق لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دروستبوون؟
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: سەرۆک بڕیاری 13303ـی 22ـی ئایاری 2003ـی تایبەت بە باری نائاسایی نیشتمانی درێژکردەوە، کە تێیدا بەردەوامی بە ژمارەیەک سزای دیاریکراو بۆ سەر کەسایەتییەکان، هەروەها ئەو چالاکییانەش درێژدەکاتەوە، کە دەبنە هەڕەشە لەسەر هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی عێراق.
 
بەردەوامبوونی ئەو بڕیارە، دەبێتە هۆی هێشتنەوەی ئەو سزایانەی لە چوارچێوەی یاسای هێزەکانی ئابووری باری نائاسایی نێودەوڵەتیدا، لە بڕیارەکانی 13303ی 22ی ئایاری 2003، 13315ی 28ی ئابی 2003، 13350ی 29ی تەممووزی 2004، 13364ی 29ی تشرینی دووەمی 2004، 13438ی 17ی تەممووزی 2207 و 13668ی 27ی ئایاری 2014.