وڵاتانی گرووپی 7 لە ژاپۆن کۆدەبنەوە و رووسیا و چین ئەجێندای سەرەکییانە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژانی 19 تاوەکو 21ی ئایاری ئەمساڵ، سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی 7 لە شاری هیرۆشیما لە رۆژئاوای ژاپۆن کۆدەبنەوە و رووسیا و چین دوو مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیان دەبن.
 
گرووپی 7 لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن، هەروەها یەکێتیی ئەوروپا پێکدێت؛ گرووپەکە لە ساڵی 1975 دامەزراوە.
 
لە کۆبوونەوەکاندا وڵاتانی گرووپی 7 تاوتوێی یەکخستنی ریزەکانیان بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی سەر رووسیا و رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین دەکەن.
 
جگە لەوەش، پرسی وزە و سووتەمەنی، زیرەکیی دەستکرد و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئینتەرنێت لە تەوەری گفتوگۆکان دەبن.
 
چین و تایوان
 
سەبارەت بە دوورگەی تایوان، وڵاتانی گرووپی 7 هەوڵدەدەن یەکڕیزی پیشان بدەن، بەڵام بە جۆرێك ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چین زیاتر نەکات.
 
لە راگەیێندراوی هاوبەشیاندا وڵاتانی گرووپی 7 جەخت لە پەیامی ئاشتی دەکەنەوە و دەڵێن، "لووتکەی هیرۆشیما دژی چین نییە، بەڵکو پەیامی ئاشتی و ئەرێنییە بۆ پەکین کە ئێمە ئامادەی پێکەوە کارکردنین، بەڵام بە مەرجی ئەوەی پێکەوە دابنیشین و گفتوگۆ بکەین."
 
لە نیسانی ئەمساڵدا و لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی گرووپەکە، هۆشداری درایە پەکین لە "چالاکییە سەربازییەکانی" لە سنووری ئاویی ناوچەکە و سووربوونیشیان لەسەر "هەڵوێستی نەگۆڕ"ی گرووپەکە لەئاست تایوان خستەڕوو.
 
یەکێك لە بابەتە سەرەکییەکان کە گرووپی 7 سەرنجی دەخاتەسەر، پیشەسازیی "چیپ"ە؛ ئەوان هەوڵدەدەن هەژموونی گەورەی چین لەسەر ئەو بەرهەمە ئەلیکترۆنییە سنووردار بکەن؛ ئیدارەی بایدن سەتان ملیار دۆلاری لە پیشەسازیی "چیپ" وەبەرهێنانی کردووە و رێگریشی لە پەکین کردووە بەوەی دەستی بە ئامراز و کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چیپانە نەگات.
 
یەکێتیی ئەوروپا
 
رۆژی 15-05-2023 ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، کۆمیسیاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "هەوڵدەدەین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین، رێگەیەکی فرە رەهەندی بگرینەبەر،" ئەو رەهەندەش بە گوتەی ڤۆن دێر لاین بریتییە لە "کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان، نەک پچڕاندنی پەیوەندییەکان."
 
بەم دواییە یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازی "سنووردارکردنی" هەناردەکردنی "تەکنەلۆجیای هەستیار"ی بۆ 8 کۆمپانیای چینی خستبووەڕوو کە گومانی هەناردەکردنیان بۆ رووسیا لەسەربوو؛ هەنگاوێك بوو تووڕەیی پەکینی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لە کۆبوونەوەی لووتکەی گرووپی 7، سەرۆکی ئۆکراینا بە ئۆنلاین گوتارێک پێشکێش دەکات. جگە لەوەش هەرسێ وڵاتی هیندستان، بەرازیل و ئیندۆنیزیا بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراون.