جیهان
ئاگرکوژێنەوەیەک دوای هێرشێکی رووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، ئاگرێک دەکوژێنێتەوە. وێنە: REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رەتیدەکاتەوە بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا مووشەکە دەنگبڕەکانی لە جۆری کینژاڵی خستبنە خوارەوە.
سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "رووسیا ئەو ژمارە زۆرەی مووشەکی کینژاڵی بەکارنەهێناوە کە ئۆکراینا دەڵێت خستوونیەتە خوارەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە 16ی ئایار ئۆکراینا رایگەیاند، شەش مووشەکی کینژاڵی رووسیی خستوونەتە خوارەوە.
کینژاڵ مووشەکێکی بەهێزی رووسییە، درێژییەکەی 7 مەتر و 20 سەنتیمەترە، کێشەکەی 4300 کیلۆگرامە، خێراییەکەی 10 ماخە، یان 3400 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا و مەودای پێکانی دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە. بەم دواییانە رووسیا لە هێرشەکانیدا بۆسەر نێوەڕاست و رۆژئاوای ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت.
ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا گوتی، "سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا تۆمار کرا."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە ڤیدیۆکۆنفرانس بە ئەنجوومەنی ئەوروپای راگەیاند، "100%"ی ئەو مووشەکە رووسیانەی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ئاراستەی ئۆکراینا کران، بەرپەرچ دراونەتەوە.
بەڵام شۆیگۆ گوتی، لە هێرشەکەدا "هەموو ئامانجەکان"یان پێکاوە، لەوانەش "تەقەمەنی، چەک و کەرەستەی سەربازی کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە نێردرابوون."
کینژاڵ بە واتەی خەنجەر دێت. پێشتر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا مووشەکەکەی بە "نەبەزیو" ناوبردووە، چونکە خێراییە زۆرەکەی وادەکات هیچ رادار و سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی نەتوانێت بە ئاسانی بەرپەرچی بداتەوە.
ئۆکراینا یەکەمجار لە سەرەتای مانگی ئایاردا رایگەیاند مووشەکێکی رووسیی بە بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکی خستووەتە خوارەوە؛ ئەو سیستمە بەرگرییەش لە مانگی نیسان بە کیێڤ درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ