ماکرۆن: ئەرکی یەکێتیی ئەوروپایە سزاکانی سەر ئێران زیاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، زیادکردنی سزاکانی سەر بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنی ئێران بە ئەرکی یەکێتیی ئەوروپا دەزانێت.
رۆژی چوارشەممە، 17-04-2024، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە لووتکەی برۆکسل لە پایتەختی بەلجیکا کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر فراوانکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا پێش دەستپێکردنی لووتکەکە گوتی: "دەبێت بیر لە سزای زیاتر بۆ سەر ئێران بکەینەوە و هەنگاوی زیاتر لە دژی سوپای پاسداران بنێین."
رۆژی سێشەممە، جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا لەبارەی ئەو لووتکەیە گوتی: "یەکێتیی ئەوروپا دەست بەکاری پێویست دەکات بۆ ئەوەی بە سزای قورستر لە ئێران بدات."
بڕیاری زیادکردنی سزاکانی سەر ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوروپا دەیەوێت ئیسرائیل رازی بکات، کە وەڵامی هێرشەکەی ئێران نەداتەوە و دانبەخۆیدا بگرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل خۆی بڕیار دەدات چۆن بەرگری لە خۆی دەکات."
لەلایەکی دیکە، هێرزی هالیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت: "ئێران ویستی توانا ستراتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەنێو ببات. ئێمە بیر لە هەنگاوی داهاتوومان دەکەینەوە، ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".
ئەو هێرشەی ئێران لە 13-04-2024 کردیە سەر خاکی ئیسرائیل، یەکەم هێرشی راستەوخۆی تاران بوو کە زیاتر لە 300 درۆن و مووشکی تێدا بەکارهات.
ئێران لە تۆڵەی بەئامانجگرتنی باڵاخانەی کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشقی سووریا کە کوژرانی حەوت کەسی لێکەوتەوە ئەو هێرشەی کرد و ئیسرائیلی بە تۆمەتبار زانی. ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هێرشەکەی دیمەشقی پشتڕاست نەکردووەتەوە و رەتیشی نەکردووەتەوە.