پۆلیسی ئیتاڵیا دەست بەسەر دوو تۆن کۆکایندا دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی دارایی ئیتاڵیا دەستی بەسەر دوو تۆن کۆکاییندا گرت، کە بەهاکەی زیاتر لە چوار ملیۆن یۆرۆیە. 
 
رۆژی دووشەممە 17-4-2023، هێزی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی دارایی لە هەڵمەتێکی دەریاییدا لە نزیک کەنارە دەریاکانی دوورگەی سیسیلی لە دەریای نێوەڕاست دەستی بەسەر 70 فەردەی پڕ لە ماددەی هۆشبەری لە جۆری کۆکاییندا گرت.
 
پۆلیسی دارایی ئیتاڵیا گرتەی ڤیدیۆیی دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکەی بڵاوکردووەتەوە، بە جۆرێک فەردەکان بە یەکەوە بەستراونەتەوە  لە نێو دەریا سەرئاو کەوتوون.
 
بەگوتەی پۆلیس، 70 فەردەکە هەزار و 600 پاکەت کۆکایینی تێدایە و کۆی گشتیان دوو تۆنە، بەهاکەی بە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
کۆکایینی دەست بەسەردا گیراو بە یەکێک لە گەورەترین بڕ لە ماددەی هۆشبەر دادەنرێت کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە کەنارە دەریاکانی ئیتاڵیادا دەستی بەسەردا گیرابێت.
 
هەڵمەتەکە لە نزیک بەندەری کاتانیای دوورگەی سیسیلیدا کرا؛ پۆلیس دەڵێت، گومان هەیە بڕی دیکەی مادەی هۆشبەر هەبێت، بۆیە دەستیان بە پشکنینی وردی ناوچە دەریاییەکە کردووە.