رووداو دیجیتاڵ
ئەو کوردانەی لە ژاپۆن دەژین و ساڵانێکە داوای پەنابەرێتییان پێشکێش کردووە، لە هەوڵەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای کۆچبەران لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە، دەکرێت رووبەڕووی دیپۆرتکردن ببەنەوە.
رۆژی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، ژمارەیەک پەناخوازی کورد لە ژاپۆن و هاوسۆزانیان لە شاری کاواگوچیی باکووری تۆکیۆی پایتەخت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ناڕەزاییەتییەکەیان بە گوێی بەرپرسانی وڵاتەکە دا.
یەكێک لەوانەی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا بەشداربوو، کوڕێکی تەمەن 18 ساڵی قوتابیی زانکۆیە کە لەوەتەی تەمەنی دوو ساڵانە لە ژاپۆن دەژی. ئەو هاونیشتمانییە چوار جار داوای پەنابەریی کردووە، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
ئەو دەڵێت، ئەگەر یاساکە هەمواربکرێتەوە، ژیانی تاڵ دەبێت و دیپۆرتی تورکیا دەکرێتەوە. ئێستا ئەو داوای پاڵپشتی لە کۆمەڵگەی ژاپۆنی دەکات بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، لەو وڵاتەدا داهاتوویەکی پڕشنگداری هەبێت.
ئۆهاشی تاکەشی، پارێزەری ئەو کوردانەیە و دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی کورد کە بەرەو ژاپۆن رایانکردووە، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لەوەی داوای پەنابەریێتی بکەنەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە نەبنەوە".
تاکەشی داواش لە گەلی ژاپۆن دەکات لە دۆخەکەیان تێبگەن و یارمەتیان بدەن.
بەگوێرەی یاسای ئێستای کۆچبەران لە ژاپۆن، دیپۆرتکردنەوە هەڵپەسێردراوە و رێوشوێنی تایبەت بە وەرگرتنی مافی پەنابەریێتی کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام لە پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکەدا، ئەم هەڵپەساردنی دیپۆرتکردنەوەیە بۆ ئەو کەسانەی کە جاری سێیەم داوای پەنابەریێتیان رەتدەکرێتەوە، هەڵدەگیرێت و وادەکات رووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە ببنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەت دەڵێت، ئەو کەسانەی ماوەی ڤیزاکانیان بەسەردەچێت داوای پەنابەریێتی پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە نەبنەوە.
وا مەزەندە دەکرێت، نزیکەی دوو هەزار کورد لە ژاپۆن بژین کە زۆربەیان هاونیشتمانیی باکووری کوردستانن و لە ساڵانی 1990ـەوە روویان لە ژاپۆن کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ