پۆڵەندا مەرجى بۆ گەڕانەوەى کۆچبەرانى عێراقی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکى هاوبەشی بەغدا و هەولێر دەچێتە پۆڵەندا بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەرانی عێراقی لەو وڵاتە و گەڕاندنەوەیان. بەرپرسێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقیش دەڵێت "لەنێو کۆچبەرەکاندا کورد هەن و پۆڵەندا داوایکردووە بۆ گەڕاندنەوەیان خولیان بۆ بکرێتەوە".
 
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لیژنەیەکى هاوبەشى وەزارەتى دەرەوە، ناوخۆ، کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان سەردانى پۆڵەندایان کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرسی کۆچبەر و پەنابەرانى عێراقى لەو وڵاتە و گەڕاندنەوەى ئەوانەیان کە داواکارى پەنابەرییان رەتکراوەتەوە".
 
عەلى جیهانگیر، یەکێک بووە لە ئەندامانی شاندەکە، گوتیشى "هەندێک لەو کۆچبەرانەى بینیمانن کورد بوون. بەرپرسانى پۆڵەندا داواکارییان ئەوە بووە کە ئەو کۆچبەرانەى دەگەڕێندرێنەوە عێراق، خولى شیاندنەوەیان لەلایەن رێکخراوى جى ئاڕ زێتى ئەڵمانییەوە بۆ بکرێتەوە".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 1200 پەنابەر و پەناخوازی عێراقى لە پۆڵەندان؛ 43 کۆچبەریان دواکارى وەرگرتنى پەنابەرییان رەتکراوەتەوە.
 
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گوتیشى "پۆڵەندا یەکەم سەردان بووە کە لیژنەکە بۆ پرسی کۆچبەران کردوویەتی و سەردانى دیکەى بەدوادا دێت".
 
سەردانى ئەو لیژنەیە لە نێوان 2 بۆ 9ـی نیسانى 2023 کراوە، ئەوان چوونەتە ناوچە سنوورییەکانى نێوان پۆڵەندا و بیلاڕووسیا کە کۆچبەرانى عێراق و هەرێمى کوردستانى لێیە.
 
هاوینی 2021 چوونی بەلێشاوی کۆچبەران لە رێگەی بێلاڕووسیاوە بۆ پۆڵەندا و لەوێوە بۆ ئەڵمانیا دەستیپێکرد؛ حکومەتی پۆڵەندا چەندین رێکاری گرتەبەر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو لێشاوە کۆچە.