بایدن لە بەڵێنەکەی بۆ وەرگرتنی 62 هەزار پەنابەر لە ساڵێکدا پاشەکشە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا ژمارەی وەرگرتنی پەنابەران لە ماوەی ساڵێکدا لە 15 هەزار کەسدا بهێڵێتەوە و ئەمەش واتای ئەوەیە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پلانی ئیدارەی ترەمپدا لە بواری وەرگرتنی پەنابەران ناکرێت.
 
بە بڕیارێكی جێبەجێکاری کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەرکرد، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە ساڵانە ئەمریکا وەریاندەگرێت 15 هەزار کەس دەبێت، بەڵام پڕۆسەی وەرگرتنی پەنابەرەکان و نیشتەجێکردنیان لە ویلایەتە جیاوازەکاندا خێرادەکرێت.  
 
لە 41 ساڵەی تەمەنی پڕۆگرامی وەرگرتنی پەنابەراندا لە ئەمریکا ئەمە دووەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژمارەی وەرگرتنی ساڵانەی پەنابەران لەو ئاستە کەمەدا دیاری بکرێت.
 
دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە 20ی کانوونی دووەمی 2021دا، جۆ بایدن بەڵێنیدا ژمارەی وەرگرتنی پەنابەران لە 15 هەزار کەسەوە بۆ 62 هەزار کەس بەرزبکاتەوە، بەڵام چوونی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بۆ نێو ئەو وڵاتە لە ماوەی ئەم چەند مانگەی رابردوودا بووە بابەتێکی سەرەکی میدیای ئەو وڵاتە و بەو جۆرەش گوشارێکی گەورە لەسەر ئیدارەی بایدن دروستبوو. 
 
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپیش بە دووری زانی تاوەکو کۆتایی ساڵی دارایی 2021ی ئەمریکا کە لە مانگی 10ی هەموو ساڵێکدا دەستپێدەکات هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو بڕیارەی بایدندا بێت. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2020ی "سەرژمێریی دانیشتووان"ی ئەمریکا، 85 ملیۆن و 700 هەزار پەنابەر و منداڵیان کە لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو وڵاتە دەژین و ئەوەش 26٪ی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێکدەهێنێت.