ترەمپ دەڵێت، ئەگەر نەبێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا گۆمی خوێن دروست دەبێت

18-03-2024
لهۆن نەسرەدین
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە بەردەم لایەنگرەکانیدا گوتی، ئەگەر دووبارە وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەڵنەبژێردرێتەوە، ئەمریکا دەبێتە گۆمی خوێن.
 
ترەمپ لەو لێدوانەیدا راستە وشەی گۆمی خوێنی بەکارهێناوە، بەڵام باسی ئابووریی وڵاتەکە و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دەکات. هەروەها باسەکە پەیوەندی بە هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەوە هەیە لە چین. 
 
ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنگرانی گوتی، "ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی بردنەوە نەبێت؛ ئیدی من دڵنیا نیم لەم وڵاتەدا هەرگیز هەڵبژاردنێکی دیکەتان ببێت. ئایا لەمە تێدەگەن؟"
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا  ترەمپی بە نەخۆش و نازیی ناوبرد و بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکا دانا. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو[ترەمپ] نەیارەکانی بە مێروو ناودەبات؛ ئەو سەبارەت بە ژەهراویبوونی خوێنی ئەمریکییەکان قسە دەکات، ئەوە رێك هەمان زمانە کە نازییەکان لە ئەڵمانیا بەکاریان دەهێنا؛ ترەمپ هەڕەشەیە بۆسەر سیستمی دیموکراسیی ئەمریکا، ئەو هەڕەشەیەکی راستەقینەیە".
 
پێشووتر ترەمپ توانی لە نزیکەی 21 ویلایەتی ئەمریکا کە تێیدا هەڵبژاردنی بەرایی کۆمارییەکان کران، هەزار و 273 نوێنەر بە دەستبهێنێت؛ زیاتر لە هەزار و 215ـی پێویست بۆ فەرمیی ناساندنی وەک تاکە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
 
لەگەڵ ئەوانەشدا ترەمپ رووبەڕووی 91 کەیسی جۆراو جۆر لە تاوان و بەرتیلدان وخۆدزینەوە و فێڵکردن لە بانکەکان؛ لە 4 دادگە و ناوچەی فیدراڵی بووەتەوە؛ گەرچی تادێت ئەگەری سزادانی کەمتر دەبێتەوە.
 
مایکل سیساک، شرۆکڤەکارێکە لەبارەی تۆمەتەکانی سەر ترەمپ گوتی، "کەیسی تاوانبارکردنی ترەمپ بە پێدانی بەرتیل لە دادگەی نیویۆرک بۆ نێوەڕاستی مانگی نیسان دواخرا؛ بەو جۆرە دەبینین کە کاریگەریی کەیسەکان کەم دەبێتەوە؛ پێموایە دیموکراتەکان بە هەڵچنینی هیوایان لەسەر ئەم کەیسانە، شتێكیان دەست ناکەوێت."
 
ترەمپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی 2015ـوە بەشی زۆری لایەنگر و دەنگدەرانی لەگەڵ لێدوانە ئاگرینەکانی راهێناوە، هەر ئەوەشە کە سەرەڕای هەموو هێرش و هەڕەشە و سووککردنی نەیارەکانی؛ هێشتا 49% لە بەرامبەر 47%ـی ئەمریکییەکان بە شیاوی سەرۆکایەتیی ئەمریکای دەزانن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.