سەرۆکی فەرەنسا باسی ئەگەری ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا دەکات: سەردەمی نوێ بەڕێوەیە

رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە لێدوانەکەی سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی ئەوروپی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە بەرلین، ئەو هەڵوێستەی خۆی خستەوەڕوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەمە ساتەوەختێکی جیدییە. سەردەمی نوێ بەڕێوەیە؛ من و ئێوە، هەرسێکمان لەبارەی ئۆکراینا هاوڕاین کە دەبێت هاوکاریی ئەو وڵاتە بکەین؛ پێموایە هاوکاریکردنی ئۆکراینا شێوازی هەموو ئەگەرەکان دەخاتە بەردەممان، تەنانەت ناردنی هێزی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش بۆ بەرەکانی شەڕ."
لەکۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، تائێستا ئەوەی ئاشکرایە ئیسپانیا، چیک، پۆڵەندا و ئەڵمانیا دژی ناردنی هێزن بۆ ئۆکراینا.
رۆژی 27-02-2024 ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە، گفتوگۆشمان لەبارەی چۆنێتی رێکخستنی هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکراینا کرد، بەڵام ئەو رێکخستنە ناردنی هێز بۆ ئۆکراینا ناگرێتەوە. نابێت سەربازانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ پێ بنێنە نێو ئۆکراینا."
لە ساڵی 2003وە یەکێتیی ئەوروپا 37 گرووپی سەربازیی تایبەت بە راوێژ و زانیاریی بە ئاڵای یەکێتییەکەوە ناردووەتە هەندێک شوێنی ئەوروپا، ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناشەوە، هێزی ئەوروپا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی بەشێک لە سنووری نێوان ئۆکراینا و بێلاڕووسی گرتووەتە ئەستۆ. هەروەها زانیاریی هەواڵگری دەداتە کیێڤ بۆ پاراستنی ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری دینیپرۆ، کە بەشی زۆری دیوە رۆژهەڵاتەکەی لەژێر کۆنترۆڵی رووسیایە.