ئۆکراینا لە رۆژانی هەڵبژاردندا هێرشەکانی بۆ سەر رووسیا زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە و ئۆکرایناش هێرشەکانی بۆسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە زیاد کردووە، بەتایبەتی لە سنووری هەرێمی بێلگۆرۆد لەسەر رووباری سیڤریسکی دۆنێتس.
ڤیاچسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری بێلگۆرۆد دەڵێت، "بەهۆی دۆخەکەوە، بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بازاڕەکانی بێلگۆرۆد و تەواوی دامەزراوەکان بە داخراوی دەمێننەوە."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، گرووپێكی چەکداری ئۆکراینی هەوڵیان داوە بچنە نێو وڵاتەکەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی پێهێندراوە.
گرووپی خۆبەخشانی رووسی، کە شانبەشانی سوپای ئۆکراینا شەڕ دەکەن، دەڵێن، هەوڵەکە شکستی پێنەهێندراوە و شەڕ لە هەرێمەکانی بیلگۆرۆد و کورسک بەردەوامە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئامانج لەم کارە سەربازییە بێ مانا و تاوانکاریانە، لە گۆشەنیگای مرۆییەوە، هەوڵێکە بۆ شێواندنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە."
رۆژی هەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی دێت. چوار بەربژێر هەن و پێشبینیش دەکرێت ڤلادیمیر پووتین رێژەی زۆری دەنگەکان بەدەستبهێنێتەوە.