رەجەب تەیب ئەردۆغان پاڵپشتیی خۆی بۆ بەئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەربڕی

 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پاڵپشتی لە بەئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پەسندکردنی داواکاریی سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ نییە.
 
رۆژی هەینی، 17-3-2023، ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند بۆ قسەکردن لەبارەی بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکەیان دوای 10 مانگ لە داواکاریی سوێد و فینلاند بۆ بەئەندامبوونی هەردوو وڵات لە ناتۆ دێت.
 
ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەکە گوتی، "بڕیارماندا دەست بە پرۆتۆکۆلی وەرگرتنی فینلاند لە ناتۆ لە پەرلەمان بکەین. بەهیواین بڕیارەکە لە سوودی هەردوو وڵات و هاوپەیمانێتییەکەمان بێت."
 
بۆ بەئەندامبوونی وڵاتێک لە ناتۆ، پێویستە هەر 30 ئەندامەکەی ئێستای ئەو هاوپەیمانێتییە داواکارییەکەی پەسند بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا و هەنگاریا بە فەرمی داواکاریی سوێد و فینلاندیان بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکە پەسند نەکردووە.
 
تورکیا، سوێد و فینلاند بەوە تۆمەتبار دەکات کە نەرمی لە بەرامبەر ئەو گرووپانە دەنوێنن ئەنقەرە بە "تیرۆریست" دایاندەنێت، لەوانە پارتی کرێکارانی کوردستان و بزووتنەوەی خزمەتی تورکیا.
 
ئەردۆغان لەبارەی جێبەجێکردنی مەرجەکانی تورکیا لەلایەن سوێد و فینلاندەوە گوتی، "ئەگەر باس لە جێبەجێکردنی مەرجەکان بکەین، دەزانین فینلاند هەنگاوی جیدی و کۆنکرێتی ناوە ."
 
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان پاڵپشتیی داواکارییەکەی فینلاندی کرد، ئیدی داواکارییەکە دەچێتە پەرلەمانی تورکیا و دەنگی لەسەر دەدرێت کە ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی زۆرینەن. پێشبینی دەکرێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا لە 14ی ئایاری ئەمساڵ، بە فەرمی داواکارییەکە پەسند بکرێت.
 
ئەردۆغان لەبارەی پەسندکردنی داواکاریی سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ گوتی، لیستێکیان داوەتە سوێد کە ناوی 124 کەسی تێدایە و داوایان لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە رادەستی تورکیایان بکاتەوە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، هیچ هەنگاوێکی سوێدیان بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەی وڵاتەکەی نەبینیوە و بۆیە تاوەکو سوێد بەم شێوەیە مامەڵە بکات، تورکیاش داواکارییەکەی بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند ناکات.