وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کار بۆ سنووردارکردنی چەک لە وڵاتەکەی دەکات

 
رووداو - ئەڵمانیا

یاسای چەک لە ئەڵمانیا تووندە و بوون بە خاوەنی چەکیش مەرجی هەیە و شێوازی هەڵگرتنیشی دەبێت بەپێی یاسا بێت. پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ لەو وڵاتە 56 ساڵە خولیای تەقەکردن و خاوەنی چەندین چەکی جۆراوجۆرە، هەفتەی دوو تاوەکو سێ جاریش دەچێتە رێکخراوێک و بە دڵی خۆی نیشان دەنێتەوە. 
 
یورگن فێسبێرگ خانەنشینە و تەمەنی 71 ساڵە، باس لەوە دەکات کە دەبێت لە جانتای تایبەتدا چەک هەڵگیرێت بەبێ گولـلە و ئەوەش مەرجە، هەمیشە دەبێت جانتەکە بە قوفڵ داخرابێت و هەروەها بەڵگەنامەی ئەو چەکە کە خاوەندارێتیی دەکەیت، هەمیشە دەبێت لەگەڵ خۆت هەڵیگریت.
 
یورگن دەڵێت، "بوون بە خاوەنی چەک ئەوەندە ئاسان نییە. لە سەرەتادا دەبێت ئەندامی یانەیەکی تەقەکردن بیت، پاشان دەبێت تاقیکردنەوەی لێهاتوویی و شارەزایی لە بەکارهێنانی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئەنجام بدەیت. دەبێت یانەکەت رەزامەندیی خۆی دەربڕێت کە ئەو کەسە کەسێکی پێگەیشتووە بۆئەوەی ببێتە خاوەنی چەک. هاوشێوەی ئەمریکا نییە، دڵخۆشم کە وا نییە. لێرە تەنها وەرزشی پێدەکەین و دەمانەوێت چێژ لە وەرزشەکەمان وەرگرین، نامانەوێت زیان بە کەس بگەیێنین."
 
ئەو پیاوە 71 ساڵە ئەڵمانییە و هاوڕێکانی باس لەوە دەکەن کە چێژێکی تایبەت لە تەقەکردن وەردەگرن و بە فەرمی ئەو وەرزشە دەکەن، بەڵام دەشڵێن، دەبێت حکومەت کۆنترۆڵی چەکی نافەرمی بکات.
 
لە ئەڵمانیا دوای هێرشەکەی هامبۆرگ و کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی هەشتی دیکە، وەزیری نێوخۆی فیدراڵیی ئەو وڵاتە دەیەوێت کار بۆ سنووردارکردنی چەک بکات.
 
بەشێک لە ئەڵمانییەکان هۆکاری هێرشەکان بۆ خراپیی یاسای کۆنترۆڵکردنی دەروونیی ئەو کەسانە دەگەڕێننەوە کە خاوەنی چەکن لەو وڵاتە و دەڵێن، تاوەکو چەک لە دەستی خەڵک بێت کە لەڕووی دەروونییەوە جێگیر نین، رووداوی لەو شێوەیەش روودەدات.
 
لەدوای چەندین رووداوی تەقەکردن، وەزارەتی ناخۆی ئەڵمانیا رەشنووسێکی بۆ تووندکردنەوەی یاسای چەک ئامادە کرد، بەڵام ئێستا داوا دەکرێت ئەو رەشنووسەش پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و چەکی نیمچە ئۆتۆماتیک قەدەخە بکرێت.
 
دکتۆر کریستۆس کاتسیدیس دەڵێت، "دەمەوێت بڵێم، گۆڕانکاری لە یاسا یاخود تووندکردنەوەی یاسا هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، چونکە دەزگای پۆلیس و فەرمانگەکان پێویستیان بە کارمەندە تاوەکو بتوانن ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن، تەنها لە رێگەی کارمەندی بەتوانا و گۆڕینەوەی زانیاری لەنێوان دامودەزگا حکومییەکان وەکو پۆلیس، فەرمانگەی تەندروستی و سۆسیال، پاشان دەبێت لە ئەڵمانیا قسە لەسەر پاراستنی زانیاری بکەین، کە بووەتە هۆی بەربەستێک لە رێگریکردنی کارەسات، زۆرجار پاراستنی زانیاریی کەسی بووەتە هۆی پاراستنی تاوانباران."
 
لە هاوپەیمانیی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، پارتی لیبراڵەکانیش دژی پێشنیازەکەی وەزیری ناخۆی ئەڵمانیان و داوا دەکەن کۆنترۆڵی بازاڕی رەشی کڕینی چەک بکرێت، نەک قەدەخەکردنی چەک.