سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا دەربارەی پەسند کردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کۆبوونەوە و سەرەنجام بە زۆرینەی دەنگ رەشنووسی یاسای بەرزکردنی تەمەنی خانەنشینبوونیان لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ پەسند کرد.
 
گیرارد لارچەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەنجامەکان ئەمانەن: 345 ئەندام بەشدارییان لە دانیشتنەکە کرد، 307 ئەندام دەنگیاندا، 193 ئەندام لەگەڵ پڕۆژەیاساکە بوون و 114 ئەندامیش دژ بوون، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران پەسند کرا."
 
پەرلەمانی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکدێت، پڕۆژەیاسا لە زۆربەی دۆخەکاندا سەرەتا دەچێتە ئەنجوومەنی پیران، دوای ئەوەی لەوێ پەسند کرا، دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لەوێ دووبارە دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
پاش ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران پەسند کرا، لە هەمان رۆژدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران دەربارەی ئەو پڕسە کۆبووەوە و بەبێ دەنگدان، سەرۆکوەزیران بە گەڕانەوە بۆ دەستوور گوتی، "پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێنێت."
 
ئیلیزابێز بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، "ناتوانین قومار بە یاساکەوە بکەین، ئەم ریفۆرمە زۆر پێویستە. بەگوێرەی یاسای 49/3، من بەرپرسیارێتی خۆم لە حکومەت دەگرمە ئەستۆ و لە رێگەی سەرۆکەوە پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێنم."
 
ئامانج لە پڕۆژەیاساکە رێگریکردنە لە کورتهێنانی ئابووری. ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی پیران، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی فەرەنسا، نیگەرانیی لای بەشێک لە هاووڵاتییان و کۆنفیدراسیۆنە جیاوازەکان دروست کردووە.
 
لەورێنت بێرگیر، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی فەرەنسا دەڵێت، "بەداخەوە گوێ لە سۆشیال دیموکراسی نەگیرا، سبەینێ خەڵک ئەوە لەبیر ناکەن کە گوێ بۆ داواکەیان نەگیرا. ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵک نابێت."
 
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و بەردەوام چینە جیاوازەکان مان دەگرن و خۆپێشاندان دەکەن.
 
مانگرتنی کارمەندانی شارەوانی لە پاریس بووەتە هۆی ئەوەی 7000 تۆن خاشاک لەسەر شەقامەکانی پاریس کۆببێتەوە. هەروەها بەهۆی مانگرتنی مامۆستایان، 60%ی قوتابخانەکانی پاریس داخران.