بەریتانیا تیکتۆک لەسەر ئامێرەکانی حکومەت قەدەخە دەکات

17-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا بەکارهێنانی تیکتۆک لەسەر مۆبایل و تابلێتی حکومەت قەدەخە دەکات، ئەوەش دوای هەنگاوێکی هاوشێوە لەلایەن یەكێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و کەنەدا دێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 16ی ئاداری 2023 ئۆلیڤەر داودن، وەزیری نووسینگەی کابینەی حکومەتی بەریتانیا لە پەرلەمانی بەریتانیای ناسراو بە هاوس ئۆڤ کۆمنس رایگەیاند، "دەستبەجێ بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین."
 
داودن گوتی، شارەزایان هەڵسەنگاندنێكیان لەبارەی "مەترسیی ئەپلیکەیشنەکە لەسەر داتای هەستیاری حکومەت" کردووە.
 
وەکو بەشێکی رێکارەکان، تەنیا رێگە بە دابەزاندنی ئەو ئەپلیکەیشنانە لەسەر ئامێرەکانی حکومەت دەدرێت کە لە "لیستی رێگەپێدراوەکاندا" هەن. واتە فەرمانبەرانی حکومەت تەنیا دەتوانن ئەو ئەپلیکەیشنانە لەسەر ئامێرەکانی فەرمانگەکانی حکومەت دابەزێنن، کە لەلایەن حکومەتەوە رێگەپێدراون.
 
هاوکات، ئەو رێکارانە موبایل، تابلێت و ئامێرەکانی پەیوەندیی کەسی ناگرێتەوە.
 
کۆمپانیای بایت دانس، خاوەنی تیکتۆک هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە، پارێزگاری لە داتای بەکارهێنەرانی دەکات و دەڵێت، داتاکان "لە چین ناهێڵدرێنەوە و حکومەتی وڵاتەکەش دەستی پێی ناگات."
 
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە واشنتن کرد بۆ ئەوەی "سەرکوتکردنی نالۆژیکیی تیکتۆک رابگرێت"، کە وەکو خۆی دەڵێت، لە سەرتاسەری جیهاندا سەروو یەک ملیار بەکارهێنەری هەیە.
 
وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی، "ئەمریکا تائێستا شکستی هێناوە لە خستنەڕووی بەڵگە لەبارەی ئەوەی گوایە تیکتۆک هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەکات."
 
تیکتۆک لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چاودێرییەکی چڕی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتەوە، لە کاتێکدا کە ترسیان لەوە هەیە پەکین لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە داتای بەکارهێنەران بدزێت.
 
رۆژی 10ی ئاداری 2023 سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا تیکتۆکی لە بەرپرسانی فیدراڵی و بەکارهێنانی لەسەر مۆبایلی کار قەدەخە کرد و بە "پەیوەندیی هەواڵگری" لەگەڵ حکومەتی چین تۆمەتباری کرد.
 
پێشتریش، رۆژی 27ی شوباتی 2023 شالاندا یەنگ، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی لە یاداشتێکدا داوای لە فەرمانگە حکومییەکان کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا ئەپلیکەیشنەکە لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی فەرمانگەکان "لاببەن و رێگە بە دووبارە دابەزاندنەوەی نەدەن."
 
هاوکات، بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕی، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی خۆی قەدەخە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە