راپرسییەکی هەڵبژاردنی هۆڵەندا؛ پارتەکەی مارک رووتە دەنگەکانی زیاد دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

سیستەمی فەرمانڕەوایی هۆڵەندا پادشایەتییە، بەڵام پەرلەمانیان هەیە و پەرلەمانەکەیان لە 150 کورسیی پێکدێت، چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و براوەی زۆرینە، حکومەت پێکدەهێنێت. 
 
دەسەڵاتەکانی وڵاتەکە لەنێوان حکومەت و پاشا دابەشکراوە، پادشا لە دەرەوە و نێوخۆ نوێنەرایەتیی وڵات دەکات و بە بەشێک لە حکومەت دادەنرێت.
 
جگە لە ئەرکە تەشریفاتییەکانی، بە گوێرەی دەستوور، بۆی هەیە وەزیرانی حکومەت دەستنیشان بکات یان لە کار دووریان بخاتەوە. لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، سێ کابینەی حکومەت بە دەست پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە بووە کە مارک رووتە سەرکردایەتیی دەکات.
 
بە گوێرەی دوایین راپرسییەکان، ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا کورسییەکانی لە 33ـەوە بۆ 38 زیاد دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی هۆڵەندا پێیانوایە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا کابینەکەی مارک رووتە، بەباشی وڵاتی بەڕێوەبردووە.
 
بەڵام بەشێک لەوانەی رەخنەیان لە مارک رووتە و حکومەتەکەی هەیە، بەهۆی رێکارە خۆپارێزیە تووندوتۆڵەکانی دژی کۆرۆنا، ئامادە نین دەنگی پێبدەن.
 
ڤیبەرت فایبێرخت، هاووڵاتییەکی هۆڵەندییە و دەڵێت: "بەڵێ، سەرۆکوەزیران کارێکی باشی کردووە. هەروەها پێموایە کەسێکی زۆر دڵسۆزە. بەڵام من دەنگم پێی نەدا."
 
تاوەکو ئێستا لە هۆڵەندا  زیاتر لە 16 هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. کۆتاییهێنان بە پەتاکە بووەتە یەکێک لەو داواکارییە سەرەکییانەی کە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە پارتە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی چاوەڕێ دەکەن.
 
ساندرا نیبرۆس، هاووڵاتییەکی دیکەی هۆڵەندییە و دەڵێت: "پێموایە زۆر گرنگە کە کەرتی تەندروستی بەباشی بەڕێوەببردرێت، چونکە کەرتەکە رووبەڕووی کورتهێنانی گەورەی بودجە بووەتەوە. هەروەها سەلامەتیمان پرسێکی گرنگە. ئەمانە بەڕاستی گرنگترین شتن بۆ من."
 
لەم هەڵبژاردنانەدا، 37 پارت بەشدارن، پارتی ئازادی کە پارتێکی دژە کۆچبەرە و لە 2017ـەوە بە 20 کورسی بووەتە ئۆپۆزیسیۆن، رکابەرایەتیی پارتەکەی مارک رووتە دەکات، بەڵام بە گوێرەی دوایین راپرسی، ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەدەست دەربێنێت و تەنیا 17 تاوەکو 21 کورسی بەدەستدێنێت.