سەرۆکی پارتێکی ئیسرائیلی: دوای بوومەلەرزەکە کورد لە سووریا و تورکیا دەچەوسێندرێنەوە

17-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتێکی ئیسرائیلی دەڵێت، لە پێدانی هاوکاریی مرۆیی لە دوای بوومەلەرزەکە جیاکاری لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکرێت. دەشڵێت، کوردەکان لە تورکیا و سووریا "دەچەوسێندرێنەوە"، لەکاتێکدا بوومەلەرزە "لە نێوجەرگەی کوردستانی داوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە 16ـی شوباتی 2023، مۆشێ یالۆن، سەرۆکی پارتی تەلەمی ئیسرائیلی لە توتێکدا نووسی: "هەزاران کەس بەهۆی بوومەلەرزەوە لە تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە. ژمارەیەکی زۆری قوربانیان کوردن. راستییەکەی، بوومەلەرزە لە نێوجەرگەی کوردستانی داوە." 
 
یالۆن دەشڵێت، کوردەکان "لە سووریا و تورکیا دەچەوسێندرێنەوە." باس لەوەش دەکات کە "جیاکاری لە وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی لەم دوو وڵاتەدا دەکرێت." بەجۆرێک، وەکو خۆی دەڵێت، لەلایەن حکومەتی بەشار ئەسەدەوە "رێگری لە گەیشتنی کاروانی هاوکاری دەکرێت لەوەی بگاتە دەستی بریندارانی کورد." ئەوەش لەکاتێکدایە، وەکو خۆی باسیدەکات، کوردەکان "لە رۆژئاڤا و سووریا 20 هەزار شەڕڤانیان لەدەستدا لە شەڕی دژی داعشدا." 
 
سەرۆکی پارتی تەلەم داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا و بە دیاریکراوی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی "کوردەکان لە سووریا و تورکیا هەموو هاوکارییەکی پێویستی مرۆییان پێدەگات." 
 
مۆشێ یالۆن لە ساڵی 2013 تاوەکو 2016 لە حکومەتی بنیامین نەتەنیاهوودا پۆستی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی هەبوو. لە ساڵی 2019دا لە پارتی لیکودی نەتەنیاهوو جیابووەوە و پارتی تەلەم-ی دامەزراند. پارتەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دا چووە نێو هاوپەیمانیی شین و سپییەوە. بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی شوباتی 2021 دا کە بە تەنیا چووە نێو رکاربەرییەوە، لە کنێسێت هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە، لانیکەم 38 هەزار و 44 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. لە سووریاش، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین، 800 کەس لە هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 6 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێک لە سنووری نێوان بولگاریا و یۆنان دوای بوونە ئەندامی بولگاریا لە ناوچەی شنگن

دوای بوونە ئەندامی لە ناوچەی شنگن بولگاریا ساڵانە 860 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات

بولگاریا و رۆمانیا لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بە تەواوەتی بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. دوای بوون بە ئەندامی لە ناوچەی شنگن، بولگاریا ساڵانە 860 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات