ماکرۆن بۆ رووداو: پەیوەندیی بەردەوامم لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەیە

17-02-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبەردەم مایکی رووداو لە میونشن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبەردەم مایکی رووداو لە میونشن
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە میونشن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەیە و کۆبوونەوەکەیشی لەگەڵ مەسرور بارزانی بە "زۆر باش" ناودەبات. 
 
رۆژی هەینی 17-2-2023 و لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن لە وەڵامدا گوتی، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنیشی بە دەرفەتێک ناوبرد بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ مەسرور بارزانی قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. 
 
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بایەخی زۆر بە هەرێمی کوردستان و ئاسایشی خەڵکەکەی و ناوچەکانی دیکەی باکووری عێراق دەدات و گوتیشی، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگە لە بواری ئاسایش و سەقامگیرییدا. 
 
لە ئابی 2021دا ماکرۆن سەردانی بەغدای کرد و دواتر هاتە هەرێمی کوردستان. سەرۆکی فەرەنسا لەو بارەوە قسەی بۆ ئاڵا شاڵی کرد و رایگەیاند، گەشتێكی سەرنجڕاكێش بوو و بیری هەولێر دەکات. 

 

ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

 
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا 
 
رووداو: جەنابی سەرۆک، پێم بڵێ کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟ 
 
ئیمانوێل ماکرۆن: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، وەک هەمیشە. دەزانیت کە چەندە بایەخ بە کوردستان و ئاسایشی خەڵک لە باکووری عێراق دەدەین. ئەو هەرێمە بۆ ئێمە هاوبەشێکی گرنگە لە بواری ئاسایش و سەقامگیرییدا. 
 
رووداو: پلانی ئەوەت هەیە نێچیرڤان بارزانی ببینیت؟ 
 
ماکرۆن: پەیوەندیی بەردەوامم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی هەیە. ئەمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئێمە. هەروەها من گەشتەکەم لەبیرە کە گەشتێکی سەرنجڕاکێش بوو. بیری هەولێر دەکەم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە