رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند ژیان لە سویسرا قورسە، بەڵام ئەو وڵاتە بە زەحمەت مافی مانەوە بە کۆچبەران دەدات. سەرەڕای ئەوەش داتا فەرمییەکانی سویسرا دەڵێن، لە مانگەکانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی ئەفغانستان، تورکیا و سووریا روویان لەو وڵاتە کردووە و داوای مافی مانەوەیان کردووە.
بەگوێرەی داتاکان، لە چەند مانگی رابردوودا 24 هەزار و 511 کەس داوای مافی مانەوەیان لەو وڵاتە ئەوروپییە کردووە. ئەمەش 9583 داواکاریی زۆرترە بە بەراورد بە ساڵی پێشتر، بۆیە وەکو وەزارەتی کۆچبەریی سویسرا چاوەڕوانی دەکات، ئەمساڵ لە 2023دا ژمارەکە بۆ 27 هەزار بەرزدەبێتەوە.
زۆربەی ئەوانەی مانگەکانی رابردوو داوای مافی مانەوەیان کردووە خەڵکی ئەفغانستانن کە 7054 داواکارین. دوای ئەوان هاووڵاتییانی تورکیا و سووریا دێن کە بێگومان کوردی باکوور و رۆژئاوای کوردستانیان تێدان. لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ژمارەیەکی وا بەرچاو نەچوونەتە سویسرا.
وەزارەتە سویسرییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە زۆربەی داواکارییەکانی مانەوە بڕیاریان لەبارەوە دراوە و تەنیا 4816 کەس یان کەیس مافی مانەوەیان وەرگرتووە. هێشتاش 7801 کەیس ماون بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
دوو لەسەر سێی کۆچبەرانی هاتوو بۆ ئەڵمانیا لە سیستمی یۆرۆداک تۆمارنەکراون
وەزارەتی کۆچبەری و پەنابەرانی ئەڵمانیاش رایگەیاند، لە کۆی 151 هەزار و 277 داواکاری بۆ مانەوە لە ساڵی 2022دا، دوو لەسەر سێی کەیسەکان هیچ زانیارییەک نییە کە پێش ئەوەی بگەنە ئەڵمانیا لە کام وڵاتی دیکەی ئەوروپا بوونە. واتە پەنجەمۆریان ئاشکرا نەبووە. بەپێی سیستمی یەکێتیی ئەوروپا؛ هەر کۆچبەرێک بگاتە یەکەمین وڵاتی ئەندام لە یەکێتییەکە پەنجەمۆرەکەی لە سیستمی یۆرۆداک دا پاشەکەوت دەکرێت.
بۆیە کاتێک پەنابەرەکە دەچێتە وڵاتێکی دیکە، پەنجەمۆرەکەی ئاشکرا دەبێ و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەنێردرێتەوە وڵاتەکەی دیکە.
ئەڵمانیا سنووری لەگەڵ دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا نییە و تەنیا لەڕێگەی فڕۆکەوە خەڵک دەتوانن راستەوخۆ بگەنە ئەو وڵاتە، بۆیە حکومەتی ئەڵمانی پێی ئاسایی نییە کە دوو لەسەر سێی کۆچبەرانی هاتوو لە سیستمی یۆرۆداک دا لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا پەنجەمۆریان پاشەکەوت نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ