رووداو - میونشن
جۆن کێری لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رەوشی ئێستا سووریا بە "دۆخێکی بێسەروبەر" ناودەبات کە سەرکردایەتی تێدا نییە بۆ ئەوەی لایەنەکان کۆبکاتەوە و بگەنە رێککەوتن.
لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی باراک ئۆباما لە لێدوانێکی تایبەدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە دۆخی سووریا کرد.
بە بڕوای جۆن کێری لە دۆخی ئێستا سووریا ""زۆر قورسە" لایەنە ناکۆکەکان بهێنرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و بگەنە رێککەوتن.
قەیران و شەڕی سووریا نزیکدەبێتەوە لە حەوت ساڵ، جۆن کێری دەڵێت "قەیرانی سووریا زۆر درێژەی کێشا، گەلی سووریا بەهۆی شەڕی بە وەکالەت نەهامەتی زۆریان بینیوە، ئیدی کاتی ئەوەیە کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت.
لە بەهاری 2011ـەوە دوای چەند خۆپیشاندانێک دۆخی سووریا شەڕی تێکەوت، لەو کاتەوە لایەنە ناکۆکەکانی سووریا شەڕ دژی یەکدی دەکەن.
هەر لە سەرەتای قەیرانەکەوە وڵاتانی جیهان لەڕێگەی گرووپ و هێزی جیاوازەوە چوونە نێو سووریا. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ شەڕی دژی داعش، رووسیا و ئێران بۆ پشتگیری بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، تورکیاش بۆ پشتگیری گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و شەڕ دژی یەپەگە چوونەتە نێو ئەو وڵاتە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ