پاپای ڤاتیکان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر کرد و داوای لە هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە خۆیان لە ململانێ و ناکۆکییەکان بەدووربگرن.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا باسی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد و گوتی: "هاوسۆزی خۆم بۆ قوربانییانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەردەبڕم کە کرایە سەر ناوچەیەکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق".
پاپای ڤاتیکان گوتیشی، "پەیوەندی باشی دراوسێیەتی بەو کردارانە دروست ناکرێت، بەڵکو بە دیالۆگ و هاوئاهەنگی دروست دەکرێت؛ داوا لە هەموو لایەک دەکەم خۆیان لەو هەنگاوانە بەدووربگرن کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی".
کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج ئەندامى لەسەر ئەو هێرشە پێکهێندرا، کە قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەرۆکایەتى دەکات و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەندامە.
لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون و دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی لەبارەی ئەو ھێرشە بداتە سەرۆکوەزیرانى عێراق.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەیان کرد.