رووداو - هەولێر
دادگەی پێداچوونەوە لە لەندەن دەڵێت، دەکرێت بەربەستێکی یاسایی لە دژی پلانە مشتومڕهێنەرەکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا، دروستبکرێت. وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیاش دەڵێت: بەرگری لە بڕیارەکەیان دەکەن.
مانگی رابردوو دادگەی باڵای لەندەن، رایگەیاند ئەو رێکارانەی بەرامبەر بە کۆچبەری نایاسایی دەگرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی پەناخوازان، یاسایین.
رۆژی دووشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2023، دادگەی باڵای لەندەن رێکخراوی ئەسایلم ئەید کە گرووپێکی پاڵپشتیکاری پەناخوازانی ئاگادارکردەوە کە دەتوانێت داوا لە دادگەی پێداچوونەوە بکات بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بۆ رەهەندەکانی بڕیارەکە بکات.
لەوێوە، بڕیاردەدرێت کە ئایا دادوەرانی دادگەی باڵا هەڵەبوون لە بڕیارەکەیان یان نا. رێکخراوە ناحکومییەکە دەشتوانێت لە تانەکەیدا بڵێت کە بڕیاری دادگەی باڵا "بەشێوەیەکی سیستەماتیکی نادادپەروەرانەیە".
تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتێک بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگەی پێداچوونەوە دیارینەکراوە.
کارۆلین ئۆت، پارێزەری رێکخراوی ئەسایلم ئەید دەڵێت: "چاومان لەوەیە ئەم کەیسە پێشکێش بکەین کە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی نێوخۆ بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا نادادپەروەرانە و نایاساییە."
لای خۆشیەوە، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لە رێگەی گوتەبێژێکیەوە رایگەیاند؛ بەرگری لە سیاسەتەکەی دەکات کە بەشێکی سەرەکیی پلانەکەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکە دەڵێت: "هاوبەشیی ئێمە لە پرسی کۆچبەران بریتییە لەوەی هەر کەسێک کە بە رێگە مەترسیدار دێتە بەریتانیا، رەوانەی رواندا دەکرێت. لەوێ هاوکارییان دەکرێت بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ دروستبکەن." گوتیشی کە "پێشتر دادگە بڕیاریداوە ئەم سیاسەتە یاساییە و لەگەڵ یاسای پەنابەران یەکدەگرێتەوە، هەروەها ئێمە ئامادەین لە هەر دانیشتنێکی دادگەی پێداچوونەوەدا بەرگری لەم سیاسەتەمان بکەین."
چوونی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بووەتە سەرئێشە بۆ حکومەتی وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە ساڵی رابردوودا، 45 هەزار و 756 کەس نۆکەندی ئینگلیزیان لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بڕیوە و هەوڵی گەیشتیان بە بەریتانیا داوە.
حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی بە بەهای 170 ملیۆن دۆلار لەگەڵ رواندا واژۆکردووە سەبارەت بە ناردنی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای 1-1-2022 رووی لە بەریتانیا کردبێت رەوانەی وڵاتە ئەفریقییەکە دەکرێت.
بەڵام ئەو بڕیارە بێ ئاستەنگ نەمایەوە، لەنێویدا، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، لە دواساتەکاندا دادگەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی هەڵپەسارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ