چیرۆكە نەبیستراوەكانی رێگەی كۆچ بەرەو ئەوروپا

رووداو - هەولێر

پۆلیسی یۆنان ئەو كۆچبەرانە دەستگیردەكات كە بەلەمی قاچاخچییەكانى كۆچ لەبەرامبەر نەدانی پارەى ئەو رێگە لێدەخووڕن، ژمارەیەك خۆبەخشی رزگاركردنی كۆچبەرەكانيش سزا دەدات.

گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بۆ یەكەمجار بەلەمێك لێدەخورێت كە ژمارەیەك كۆچبەر بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە، بەڵام بەهۆی نقومبوونی ئەو بەلەمەی لێیدەخووڕی، سێ منداڵ خنکان.

ئەو رووداوە رۆژی شەممە 16-1-2016 لە ئاوەكانی نزیك یۆنان روویدا، هەرچەندە گەنجەكە وەك كۆچبەر لێیخووریوە و یەكەمجار بووە ئەو كارە بكات و "قاچاخچی نییە"، بەڵام پۆلیسی یۆنانی بە بەرپرسیاری خنکانی سێ منداڵەكە دەزانێت.

هەندێکجار قاچاخچییەکانی رێگەی کۆچبەری، خۆیان لەگەڵ کۆچبەرەکاندا ناچن، بەڵام یەکێک لەوان هەڵدەبژێرن و لەبەرامبەر لێخوڕینی بەلەمەکەدا پارەی گەشتەکەی لێوەرناگرن. 

هێشتا کەیسی ئەو گەنجە روون نەبووەتەوە، کە ئایا ئەو قاچاخچییە یان پەنابەرێکی ئاسایی، لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی یۆنان وەک بەرپرسیاری خنکانی منداڵەکان دەستگیری کردووە.

پۆلیس ئەو گەنجە ناچار دەکەن، سەیری تابووتەکان بکات لەوکاتەی منداڵە خنکاوەکانی تێدا هەڵدەگرن.

جۆن هامیڵتن، ئەندامی تیمی فریاگوزاری یۆنان دەڵێت "ئەو گەنجەی کە تەمەنی 20 ساڵ دەبێت،  بە بەلەمکەوە رۆشتووەتە ناوچەیەک کە هیچ شارەزایی نەبووە، من پێم وایە کارێکی گێلانەی کردووە، نەدەبوو وابکات".

هەر لەسەر کێشەی خنکانی پەنابەران لەکاتی پرۆسەی رزگاکردندا، دادگای دوورگەی لێسبۆس، ماوەیەکە پێنج  ئەندامی رێکخراوێکی فریاگوزاری خۆبەخشی راگرتووە.

پۆلیسی دوورگەکە ئەو خۆبەخشانە بە تۆمەتی گرنگی نەدان بە رێنماییەکی پۆلیس دەستگیرکردبوو، چونکە دەڵێن هەندێک جار بەهۆی نەزانییەوە خەڵک لەکاتی رزگاکردنیاندا دەخنکێن و گیان لەدەستدەدەن.

رۆژی یەکشەممە خۆبەخشەکان  بە کەفالەت ئازادکران؛ کە سیانیان ئیسپانین و دوانەکەی دیکەش دانیمارکین، بەڵام دادگا سەرقاڵی لێۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی سزایان بدات. 

خۆبەخشەكان دەڵێن "هیچ  تاوانێکمان ئەنجامنەداوە، بەڵکو تەنیا بە هانای کۆچبەرەکانەوە چووین"، هەندێکجارێش بەهۆی کتووپڕی رووداەکان و پێویستی زوو بە هاناوەچوونی کۆچبەران پرسیان بە پۆلیس نەکردووە.

مانوێل بلانکۆ، خۆبەخشی ئیسپانی "من تووشی شۆک بووم، ئێمە بۆ هاوکاریکردنی خەڵک هاتووین، ئێمە نەهاتووین شتی نایاسایی بکەین، یان نایاساییانە خەڵک لە تورکیاوە بهێنینە ئێرە".

ئەگەر دادگا، لادان لە یاساکانی پۆلیسی یۆنان بکاتە بنەمای دادگاییکردنی ئەو خۆبەخشانە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە خۆبەخشەکان نزیکەی پێنج ساڵ زیندانی بکرێن، یەکێکێش لەوان کە خۆی بەلەمەێکی لە دوورگەکە هەیە، بە بڕی 11 هەزار دۆلار سزا دەدرێت، چوار کەسەکەی دیکەش بە بڕی 5400 دۆلار سزا دەدرێن.