نرخی بیتکۆین 107 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی بیتکۆین بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتەوە بەرزترین ئاست. ئەمڕۆ نرخی هەر بیتکۆینێک دوو هەزار و 300 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 107 هەزار و 70 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژووی مامەڵەکانیدا تۆمارکرابێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 5-12-2024، نرخی بیتکۆین ئاستی 100 هەزار دۆلاری بۆ یەکەم جار شکاند؛ ئەوکاتە نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە نزیکەی 104 هەزار دۆلار. 
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی بیتکۆین زیاتر لە 147٪ بەرزبووەتەوە. سەرەتای ئەم ساڵ، هەر بیتکۆینێک بە کەمتر لە 45 هەزار دۆلار بوو.
 
پەسندکردنی سندووقی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە لایەن ئەمریکا، کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و پرۆسەی هاڵڤینگ [کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بیتکۆین]، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەی بوون.
 
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە.
 
گەشبینی بە رێکخستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان و بەیاساییکردنیان لە سەردەمی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکادا، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
 
ئەوەی بەرزبوونەوەکانی زیادکردووە، پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوودە لە ئەمریکا.
 
کاژێر 22:00ـی شەوی 18ـی ئەم مانگە بە کاتی هەولێر کە دەکاتە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە و دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە، بڕیارە لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی بازاڕی ئازادی ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی ئاشکرا بکات.
 
بەپێی ماڵپەڕی CME FedWatch کە بەدواداچوون و پێشبینی بۆ هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات، 96٪ـی بازرگان و وەبەرهێنەران پێیانوایە کە بانکەکە لە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەدا رێژەی سوود 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە دۆخێکی ئاساییدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، ئەوەش نرخی زێڕ، پشک و دراوە دیجیتاڵییەکان، لەنێویشیاندا بیتکۆین، بەرزدەکاتەوە.
 
ئەم ساڵ لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی دووەمدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوو جار رێژەی سوودی کەمکردووەتەوە. ئێستا رێژەکە لە 5.50٪ـەوە بۆ 4.75٪ کەمبووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.

لامی و بلینکن جەختیان لە "رێگری لە تیرۆریستان لە سووریا" کردەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا جەختیان لە گرنگی پاراستنی هاووڵاتییانی سووریا و رێگری لەوەی وڵاتەکە ببێتە پەناگەی "تیرۆرستان" کردەوە.